هەواڵ

ئوسامە لەگەڵ ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق ئاسوودە نییە

سەنگەر زرار- Kurd Sport

ئوسامە رەشید-ی ناوەڕاستکاری نێودەوڵەتی و بەئەزموونی کورد و کاپتنی یانەی سانتا کلارا لەمیانەی پڕۆگرامێکی تەلەفزیۆنیدا نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بەو ناھەقییانەی لەھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراقدا بەرامبەری دەکرێ، نەشاردەوە و رایگەیاند کە ھەلی یاری کردنی پێنەدراوە و شێوازی یاری کردنی لەیانە و ھەڵبژاردەکەشدا بەجیاواز ناوبرد.

ئوسامە-ی تەمەن ٢٨ ساڵ کە لەخولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی پۆرتوگال بۆ یانەی سانتا کلارا یاری دەکات، لەمیانەی دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ بەرنامەی (صوت الملاعب) تەلەفزیۆنی سۆمەریە، ئەوەی ئاشکراکرد کە لەو ساڵانەی دواییدا کە داوەتی ریزی ھەڵبژاردەی عێراق کراوە، ھەلی یاری کردنی پێنەدراوە و تەنھا یەک یاریم ئەنجامداوە و دواتر دوورخراوەتەوە.

ئەم ناوەڕاستکارە نێودەوڵەتییەی کورد ئەوەی درکاند کە لەتەمەنی ١٩ ساڵییەوە یاری بۆ ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دەکات و تائێستا ٢٢ یاری لەگەڵ ھەڵبژاردەکەدا ئەنجامداوە و ئەوەشی وت کە ئاسوودە نییە لەگەڵ ھەڵبژاردەکە و ئەو ئەرکەی لەھەڵبژاردەی عێراقدا پێی دەسپێردرێت، جیاوازە لەو ئەرکە تەکتییانەی لەیانەکەی (سانتا کلارا)دا جێبەجێی دەکات.

شایەنی باسە ئوسامە جەبار شەفیق رەشید کە لەشاری کەرکوک لەدایکبووە و رەگەزنامەی عێراقی و ھۆڵەندی ھەیە، رۆژی ١٣-٧-٢٠١١ یەکەم یاری فەرمی لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق کە یارییەکی دۆستانە بوو بەرامبەر بەھەڵبژاردەی کوێت ئەنجامداوە و تاساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ ھەڵبژاردەکە ٢٢ یاری ئەنجامداوە (١٢ یاری دۆستانە و ٣ یاری پاڵاوتنی مۆندیال و ٢ یاری پاڵاوتنی پاڵەوانێتی ئاسیا و ٥ یاری لەکۆتاییەکانی پاڵەوانێتی جامی ئاسیا)دا.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close