هەواڵ

بۆ وەرزی داھاتوو پاڵەوانی یانەکانی کوێت بەرگریکارێکی کوردی پێویستە

سەنگەر زرار- Kurd Sport

پاڵەوانی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی کوێت چاوی بڕیوەتە تواناکانی بەرگریکارێکی کورد و لەھەوڵی ئەوەدایە بۆ وەرزی داھاتوو بیگوازێتەوە ریزەکانی.

یانەی کوێت-ی کوێتی پاڵەوانی وەرزی رابردوو ٢٠١٩-٢٠٢٠ و خاوەنی ١٦ نازناوی خولی وڵاتەکەی کە وەرزی داھاتوو ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەشداری لەیارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنی خولی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دەکات، بەشێوەیەکی فەرمیی لەگەڵ سیروان قوربانی بەرگریکاری لاوی کورد لەسەر ھێڵە تا بەپێی بۆندێک بۆ وەرزی داھاتوو بیباتە ریزەکانی و بۆ ئەم مەبەستە نووسراوی ئاراستەی یاریزانی ناوبراو کردووە.

سیروان-ی تەمەن ٢٧ ساڵیش کە دوو وەرزی رابردوو لەخولی پیشەگەرانی تۆپی پێی یانەکانی ئێران (پڕۆ لیگ) یاری بۆ یانەی سەنعەت نەفت عەبادان کردووە، پاش کۆتاییھاتنی ماوەی بۆندەکەی یانەکەی بەجێھێشتووە و وابڕیارە لەدووەم ئەزموونی دەرەکی لەدەرەوەی ئێران رووبکاتە یانەی کوێت-ی کوێتی، ئەمەش پاش ئەوەی بۆیەکەمجار ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٥ بۆ یانەی سلێمانی لەخولی نایابی یانەکانی عێراق یاریکرد.

پاش گەیشتنی داوتنامە و گفتوگۆی زارەکی، واپێدەچێ کاروانی یاریکردنی داھاتووی سیروان قوربانی بۆ وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ یانەی کوێت-ی پاڵەوانی یانەکانی کوێت بێت، ھەرچەندە ھێشتا یاریزانەکەی پێشووی یانەی سەنعەت نەفت عەبادان نەچۆتە وڵاتەکە.

*بیۆگرافیا:
-ناو: سیروان قوربانی.
-ساڵڕۆژی لەدایکبوون: ٢٦-٩-١٩٩٣.
-شوێنی لەدایکبوون: شاری کامیاران-ی رۆژھەڵاتی کوردستان.
-رەگەزنامەی ئێرانی ھەیە.
-باڵا: ١٨٣ سم.
-ھێڵی یاریکردن: بەرگری.
-بەپێی چەپی یاری دەکات.
-ئەو تیپانەی لەئاستەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان و پێشکەوتوواندا یاری تێدا کردووە: نەفت ئومێدییە، پاس ھەمەدان، سلێمانی/ کوردستانی عێراق، خورشید قروە، ئاوالان کامیاران، سردار بۆکان، سەنعەت نەفت عەبادان.
-ھەردوو وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ و ٢٠١٩-٢٠٢٠ لەگەڵ یانەی سەنعەت نەفت عەبادان لەخولی پیشەگەرانی تۆپی پێی یانەکانی ئێران (پڕۆ لیگ) لە ٢٥ یاریدا ٢٠٢٠ خولەک یاری کردووە و ١ گۆڵیشی سازکردووە و لەخولی جامی یانەکانی ئێرانیش بەشداری لە ٤ یاری تردا کردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close