هەواڵ

لەخولی سوید نەورۆز دووەم بردنەوەی لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا دەستەبەرکرد

سەنگەر زرار- kurdsport

لەسوید یانەی نەورۆز-ی کوردان بەبردنەوەیەکی گرنگ قەرەبووی دوو شکستەکەی ھەفتەکانی پێشووتری کردەوە.

یانەی نەورۆز-ی کوردان کە لەخولی پلە دووی تۆپی پێی یانەکانی سوید بۆ تیپەکانی گروپی ناوچەی باشوور (سۆدرا سڤیالاند) رکابەریی دەکات، پاش ئەوەی لەھەفتەکانی شەشەم و حەوتەمی خولەکە بەیەک ئەنجام ٣-١ دۆڕا، ئەم ھەفتەیە بەبردنەوەیەکی گرنگ لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا قەرەبووی شکستەکانی کردەوە.

ئەمڕۆ ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٠ یانەی نەورۆز لەیاریگای گرینادجارڤاڵن و لەیارییەکانی ھەفتەی ھەشتەمی خولەکەدا بووە میوانی یانەی رینینگ و سەرەنجامیش بەسێ گۆڵ بەرامبەر بەدوو گۆڵ لێی بردەوە و دووەم بردنەوە و سێ خاڵی خولەکەی بۆخۆی دەستەبەرکرد.

لەخولەکی ٣٣ی نیوەی یەکەمی یارییەکەدا بنیامین بیزودی یانەی نەورۆز-ی کردە خاوەن گۆڵی یەکەم، بەڵام لەخولەکی ٤٤دا یانەی رینینگ گۆڵی ١-١ و بەرامبەری کردەوە و لەنیوەی دووەمیشدا دیسان یانەی نەورۆز دەستپێشخەری لەگۆڵکردندا کرد و لەخولەکی ٥٠دا پاتریک برونەر گۆڵی ٢-١ی کرد، بەڵام دووبارە یانەی خاوەن یاریگا لەخولەکی ٥٤دا گۆڵی ٢-٢ی بەرامبەربوونی ھێنایەوە و یاری بەرەو کۆتایی دەچوو لەخولەکی ٨٤دا ئێرڤین لویاندا کیسی گۆڵی سێیەم و بردنەوەی بۆ یانەی نەورۆز کرد و بردنەوەی پێشکەشی یانەکەی کرد.

بەم بردنەوەیەش یانەی نەورۆز ئێستا لەخانەی ١٢ی ریزبەندی گروپی ناوچەی باشووری خولی پلە دووی تۆپی پێی یانەکانی سوید دایە بە ٧ خاڵ لە ٢ بردنەوە و ١ یەکسانبوون و ٥ یاریشی دۆڕاندووە و ١٤ گۆڵی ھەیە و ١٩ گۆڵی لێکراوە و ٥ گۆڵ قەرزدارە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close