هەواڵ

رێبەر لەیارییەکی ویستفاڵن لیگادا پێنج گۆڵی بۆ بوروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی تۆمارکرد

سەنگەر زرار- Kurd Sport

یاریزانە تازەپێگەیشتووەکەی کورد و یانەی بوروسیا دۆرتمۆند لەدوایاری خۆیدا لەگەڵ تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەکەی (٥) گۆڵی لەکۆی (٩) گۆڵدا تۆمارکرد و لەپێشەنگی گۆڵکەرانی خولی ناوچەی رۆژئاوا-ی ئەڵمانیا (ویستفاڵن لیگا) دایە.

رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ تیپی تازەپێگەیشتووانی ژێر تەمەن ١٦ ساڵی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند-ی ئەڵمانی لەیارییەکانی ھەفتەی دووەمی خولی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی ناوچەی رۆژئاوا-ی ئەڵمانیا (ویستفاڵن لیگا) لەسەر یاریگای باومھۆف ئەرینا و بەبەشداری سەرەکی رێبەر باپیر-ی ھێرشبەری لاوی کوردی ئێزدی بووە میوانی تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی تی ئێس جی شپرۆکھۆڤێل ١٨٨١ و سەرەنجامیش لەیارییەکی تاکلایەنەدا کە رێبەر و ھاوڕێکانی بەئاست و بەئەنجام تیایدا باڵادەست بوون، (٩-٠) براوەبوون و دووەم بردنەوە و پێشەنگی خولەکەیان تێدا دەستەبەرکرد.

رێبەر-ی تەمەن ١٥ ساڵیش لەیارییەکەدا ھەر ٨٠ خولەک بەئاستێکی بەرز دەرکەوت و توانی لەکۆی نۆ گۆڵەکەدا پێنج گۆڵ تۆماربکات، گۆڵی ١-٠ لەخولەکی ١١ و گۆڵی ٣-٠ لەخولەکی ٢٥ و گۆڵی ٤-٠ لەخولەکی ٢٩ و گۆڵی ٥-٠ لەخولەکی ٣٤ی نیوەی یەکەم و گۆڵی ٨-٠ لەخولەکی ٦٢دا، بەتۆمارکردنی ئەم (٥) گۆڵەش پێشەنگی گۆڵکەرانی خولەکەی بۆخۆی گرت.

پاش ئەم سەرکەوتنە گەورەیەش تیپی تازەپێگەیشتووانی ژێر تەمەن ١٦ ساڵی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند-ی ئەڵمانی لەخولەکەدا بووە خاوەنی ٦ خاڵ لە ٢ یاری و ٢ بردنەوە و ١٠ گۆڵی کردووە و ھیچ گۆڵی لێنەکراوە و رێبەر باپیر-یش لە ھەردوو یارییەکەدا ١٦٠ خولەک دەرکەوتووە و خاوەنی ٥ گۆڵە.

*بیۆگرافیا:
-ناو: رێبەر حسنی باپیر.
-سالڕۆژی لەدایکبوون: ٢-٨-٢٠٠٥.
-شوێنی لەدایکبوون: شاری شەنگال.
-کوردی ئێزیدییە.
-رەگەزنامەی ئەڵمانی و عێراقی ھەیە.
-زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانی.
-باڵا: ١٧٦ سم.
-ھێڵی یاری کردن: ھێرشبەر/ ناوەڕاست.
-یانە: بوروسیا دۆرتمۆند/ ئەڵمانیا.
-ماوەی بۆند: یەک وەرز/ مانگی ٧ی ٢٠٢٠ تا مانگی ٦ی ٢٠٢١.
-ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ خانەوادەکەی روویان لەوڵاتی ئەڵمانیا کردووە.
-لەشاری بیلیفێڵد-ی ئەڵمانیا نیشتەجێیە.
-لەتەمەنی ٦ ساڵیدا لەئەکادیمیای یانەی ئەرمینیا بیلیفێڵد-ی ئەڵمانی دەستی بەیاری تۆپی پێ کردووە.
-لەساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ بۆ تیپەکانی ئاستی تەمەنی ئەکادیمیای یانەی ئەرمینیا بیلیفێڵد یاری کردووە.
-ھاوینی ساڵی ٢٠١٧ پەیوەندی بەئەکادیمیای یانەی بوروسیا دۆرتمۆند-ی ئەڵمانیا کردووە و تائێستا بەردەوامە.
-وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ بۆ تیپی تازەپێگەیشتووانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند لە ١٦ یاری خولی رۆژئاوا (ریگیۆنال لیگ) و ئەرینا کەپ-دا بەشداربووە و ٤ گۆڵیشی تۆمارکردووە.
-بۆ وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بۆ تیپی تازەپێگەیشتووانی ژێر تەمەنەکانی ١٦ و ١٧ ساڵی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند سەرخراوە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close