هەواڵ

کتێبێک مێژووی سی و سێ ساڵی تۆپی پێی یانەی ھەولێری لەخۆگرتووە

سەنگەر زرار- Kurd Sport

لەپرێس کۆنفرانسێکدا ئەو کتێبە وەرزشی و مێژووییە خرایەڕوو کە مێژووی سی و سێ ساڵی تۆپی پێی یانەی وەرزشی ھەولێری لەخۆگرتووە.

بەئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی یانەی وەرزشی ھەولێر و ژمارەیەک لەوەرزشکاران و یاریزانانی دێرین و ئێستای یانەکە و کەناڵەکانی راگەیاندن و راگەیاندنکارانی وەرزشی، ئەمڕۆ ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لەھۆڵی پرێس کۆنفرانسەکانی یانەی وەرزشی ھەولێر، پەیام فەتحوڵڵا رەسوڵ بەکورتی ناوەڕۆکی ئەو کتێبەی خستەڕوو کە وەک ھاندەرێکی تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی ھەولێر ئامادەی کردووە و لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆی ٣٠٠ دانەی لێ بەچاپ گەیاندووە.

کتێبەکە بەناونیشانی (یانەی وەرزشی ھەولێر ئەزموون و ئەرشیفی ٣٣ ساڵ/ ١٩٨٧-٢٠٢٠)ە و ٤٨٠ لاپەڕەیە و لە پێنج بەش پێکھاتووە (مێژوو و ئەنجامەکان، زانیاری و دەستکەوتەکان، فاکتەری سەرکەوتن، خولی نایابی کوردستان، ئەلبومی وێنەکان و پاشکۆ).

د.عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی یانەی وەرزشی ھەولێر لەپرێس کۆنفرانسەکەدا وێڕای دەستخۆشی کردن لەنووسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، ئامادەیی خۆی پیشاندا کە خەرجیی بەچاپ گەیاندنی کتیبەکە کە بڕی دوو ھەزار دۆلارە بگرێتە ئەستۆ.

پاشان پەیام فەتحوڵڵا-ی ئامادەکاری کتێبەکەش کە بەکالۆریۆسی لەبەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین ھەیە لەگەڵ ماستەر لەبەشی کۆمەڵناسی زانکۆی کۆیە، بەڵێنی بەئامادەبووان و ھەموو لایەکدا کە پاش ماوەیەکی تر ئەم کتێبە بەزمانی عەرەبی چاپ و بڵاوبکاتەوە و بەپێی توانای خۆشی ھەوڵ بۆ ئەوە دەدات لەبەرگێکی تردا باس لەساڵی ١٩٦٨ی ساڵی دامەزراندنی یانەکە تا ساڵی ١٩٨٦ بکات.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close