هەواڵ

یانەیەکی سوپەر لیگی یۆنان چاوی بڕیوەتە تواناکانی بەرگریکارێکی کورد

سەنگەر زرار- Kurd Sport

یانەیەکی بەشدار لەخولی سوپەری تۆپی پێی یانەکانی یۆنان (سوپەر لیگ) چاوی بڕیوەتە تواناکانی بەرگریکارێکی لاوی کوردی کرماشانی تا بیگوازێتەوە ریزەکانی و یانەکەشی رێگری لێدەکات.

یانەی ئۆفی کرێتە-ی یۆنانی کە لەسوپەر لیگی یانەکانی یۆنان رکابەریی دەکات بەشێوەیەکی فەرمیی نووسراوی ئاراستەی یانەی تراکتۆرسازی تەبرێز کردووە بۆ گواستنەوەی ئیمان سەلیمی بەرگریکاری کوردی ئەو یانەیەی پڕۆ لیگی یانەکانی ئێران، بەڵام یانەی ناوبراو رێگە لەیاریزانەکەی دەگرێ لەیەکەم ئەزموونی دەرەکیدا بچێتە ریزی یانە یۆنانییەکە.

ھەرچەندە ئیمان سەلیمی کرماشانی خۆی ئارەزوو دەکات ژیانی پیشەگەریی لەدەرەوەی ئێران درێژەپێبدات، بەڵام یانەکەی بەرھەڵستی و رێگی لێدەکات و لەمبارەیەوە میدیاکانی وەرزشی ئێران بڵاویانکردەوە کە یانەی ئۆفی کرێتە-ی یۆنانی بەفەرمی داوای لەیانەی تراکتۆرسازی تەبرێز کردووە ئیمان-ی بەرگریکاریان پێ بفرۆشن، بەڵام بەرپرسانی یانەکە دژی ئەوەن و رەتی دەکەنەوە ئیمان بفرۆشن و دەڵێن بۆندی لەگەڵ یانەکەیاندا ھەیە و ئەوان نایفرۆشن.

پارێزەرەکەی ئیمان سەلیمی بەرگریکار لەلایەن خۆیەوە ئەو نووسراوەی یانەی ئۆفی کرێتە-ی خاوەن پلەی پێنجەمی سوپەر لیگی یۆنانی بڵاوکردەوە کە بەفەرمی داوای ئیمان دەکەن و بەگوێرەی زانیاری پارێزەرکە ئەوان لەگەڵ یانەی تراکتۆرسازی لەگفتوگۆدان و ئەوەشی درکاند کە لەبۆندەکەیدا بڕگە و مەرجی رۆیشتنی لەیانەی تراکتۆرسازی تێدایە.

شایەنی باسە ئیمان-ی تەمەن ٢٤ ساڵ کە لەدوو وەرزی رابردوو (٢٠١٨-٢٠١٩ و ٢٠١٩-٢٠٢٠)دا لەخولی پیشەگەرانی تۆپی پێی یانەکانی ئێران (پڕۆ لیگ) و خولی جامی یانەکانی ئێران لەگەڵ یانەی تراکتۆرسازی تەبرێز خاوەنی ٢ گۆڵە لە ٥٠ یاریدا، بۆ وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ نازناوی پاڵەوانی خولی جامی یانەکانی ئێران-ی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستھێناوە.

*بیۆگرافیا:
-ناو: ئیمان سەلیمی.
-ساڵڕۆژی لەدایکبوون: ١-٦-١٩٩٦.
-شوێنی لەدایکبوون: شاری کرماشان-ی رۆژھەڵاتی کوردستان.
-رەگەزنامەی ئێرانی ھەیە.
-باڵا: ١٨٥ سم.
-ھێڵی یاریکردن: بەرگری/ ناوەند.
-بەپێی راستی یاری دەکات.
-یانە: تراکتۆرسازی تەبرێز/ ئێران.
-ژمارەی درێس: ٤.
-ماوەی بۆند: ٤ ساڵ/ ھاوینی ساڵی ٢٠١٨ تا ھاوینی ساڵی ٢٠٢٢.
*ئەو تیپانەی لەئاستی لاواندا یاری تێدا کردووە:
-وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٤: یانەی ئالومینیوم ھورمزگان.
*ئەو تیپانەی لەئاستی پێشکەوتوواندا یاری تێدا کردووە:
-وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥: یانەی ئالومینیوم ھورمزگان لەخولی پلە یەکی یانەکانی ئێران.
-ھەردوو وەرزی ٢٠١٥-٢٠١٦ و ٢٠١٦-٢٠١٧: یانەی فەجر سپاسی شیراز لەخولی پلە یەکی یانەکانی ئێران.
-وەرزی ٢٠١٧-٢٠١٨: یانەی پارس جنوبی جەم لەخولی پیشەگەرانی یانەکانی ئێران.
-ھەردوو وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ و ٢٠١٩-٢٠٢٠: یانەی تراکتۆرسازی تەبرێز لەخولی پیشەگەرانی یانەکانی ئێران.
-وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠: لەگەڵ یانەی تراکتۆرسازی تەبرێز نازناوی خولی جامی یانەکانی ئێران-یان بەدەستھێناوە.
-ساڵی ٢٠١٣ بۆ ھەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی ئێرانی ژێر تەمەن ١٧ ساڵ یاری کردووە.
-ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بۆ ھەڵبژاردەی لاوانی ئێرانی ژێر تەمەن ٢٠ ساڵ یاری کردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close