هەواڵ

ناوەڕاستکارە کوردەکە بەرازیلی ئێرانی بەجێھێشت و چاوی چوار یانەی تری لەسەرە

سەنگەر زرار/ Kurd Sport

مستەفا ئەحمەدی ناوەڕاستکاری لاوی کورد پاش دوو وەرز یاریکردن بۆ یانە زەردپۆشەکەی عەبادان (سەنعەت نەفت) کە بەبەرازیلی ئێران ناسراوە، یانەکەی بەجێھێشت و ھەر لەئێراندا چاوی چوار یانەی لەسەرە.

مستەفا ئەحمەدی بانەیی کە لەماوەی ھەردوو وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ و ٢٠٢٩-٢٠٢٠ لەگەڵ یانەی سەنعەت نەفت عەبادان ٣٩ یاری بەدرێسی ژمارە ٢٠ ئەنجامدا و ٣٠٨٣ خولەک لەخولی پیشەگەرانی تۆپی پێی یانەکانی ئێران (پڕۆ لیگ) یاریکرد، پاش کۆتاییھاتنی ماوەی بۆندەکەی ماڵئاوایی لەیانەکە و جەماوەری بەرازیلی ئێران کرد و رۆیشتنیشی نیگەرانی جەماوەری یانەکەی لێکەوتەوە.

لەمبارەیەوە مستەفا ئەحمەدی یاریزانی ھێڵی ناوەند/ بەرگریی سەبارەت بەوێستگەی داھاتووی یاریکردنی کە ئایا ھەر لەخولی یانەکانی ئێران بەردەوام دەبێت لەیاریکردن یانیش روودەکاتە دەرەوەی ئەو وڵاتە، تایبەت بۆ کورد سپۆرت وتی: چوار پێشنیازی یانەکانی ئێران-م پێگەیشتووە و لەچەند رۆژی داھاتوودا چارەنووسی خۆم لەبەرژەوەندی یانەیەکیان یەکلادەکەمەوە.

بەڵام ناوی هیچ یەكێك لەیانەكانی نەدركاند و بەپێی زانیاری میدیاكانی وەرزشی ئێران-یش، یەكێك لەیانەكان كە خواستی زۆری هەیە بۆ گواستنەوەی ئەحمەدی تەمەن 32 ساڵ، یانەی ئەلومینیوم ئاراك-ە.

شایەنی باسە مستەفا ئەحمەدی کە لەدایکبووی شاری بانە-ی رۆژھەڵاتی کوردستانە، لەژیانی یاریکردنیدا لەخولی پلە یەکی یانەکانی ئێران (لیگ ئازادگان)، بۆ ھەردوو یانەی پارسە ئێرانیان و شەھرەداریی تەبرێز و لەخولی پیشەگەرانی تۆپی پێی یانەکانی ئێران (پڕۆ لیگ) بۆ ھەردوو یانەی سیاە جامگان مەشھەد و سەنعەت نەفت عەبادان یاری کردووە.

*بیۆگرافیا:
-ناو: مستەفا ئەحمەدی.
-ساڵڕۆژی لەدایکبوون: ١٤-٣-١٩٨٨.
-شوێنی لەدایکبوون: شاری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان.
-باڵا: ١٨٢ سم.
-ھێڵی یاری کردن: ناوەند.
-بەپێی راستی یاری دەکات.
*ئەو یانانەی لەپێشوودا یاری تێدا کردووە:
-وەرزی ٢٠١٢-٢٠١٣ یانەی پارسە ئێرانیان لەخولی پلە یەکی یانەکانی ئێران: ١٨ یاری و ١٢٤٦ خولەک یاری کردن.
-وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ یانەی شەھرەداریی تەبرێز لەخولی پلە یەکی یانەکانی ئێران: ٢١ یاری و ١٨٨٣ خولەک یاری کردن.
-وەرزی ٢٠١٥-٢٠١٦ یانەی سیاە جامگان مەشھەد لەخولی پیشەگەرانی یانەکانی ئێران: ٢٢ یاری و ١٥٩٣ خولەک یاری کردن.
-وەرزی ٢٠١٦-٢٠١٧ یانەی سیاە جامگان مەشھەد لەخولی پیشەگەرانی یانەکانی ئێران: ٢٧ یاری و ٢٢٧٦ خولەک یاری کردن.
-وەرزی ٢٠١٧-٢٠١٨ یانەی سیاە جامگان مەشھەد لەخولی پیشەگەرانی یانەکانی ئێران: ٢٥ یاری و ٢١٧٧ خولەک یاری کردن.
-وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ یانەی سەنعەت نەفت عەبادان لەخولی پیشەگەرانی یانەکانی ئێران: ٢٤ یاری و ١٩٠٧ خولەک یاری کردن.
-وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ یانەی سەنعەت نەفت عەبادان لەخولی پیشەگەرانی یانەکانی ئێران: ١٥ یاری و ١١٧٦ خولەک یاری کردن.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close