هەواڵ

ھێرشبەرێکی کورد بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئاسیا پالێوراوە

سەنگەر زرار- Kurd Sport

ھێرشبەرە کوردەکەی یانەی رۆیاڵ شارلروا-ی بەلژیکایی لەگەڵ یاریزانانی یانەکانی ڤاڵانسیا و چێڵسی و مەرسیلیا و ئیسپانیۆل بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئاسیای نێو خولەکانی تۆپی پێی ناوخۆیی یانەکانی جیھان پالێوراوە.

وێبسایتی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا لەلایەن خۆیەوە ھەشت یاریزانی ئاسیایی نێو خولەکانی تۆپی پێی ناوخۆیی یانەکانی جیھانی دیاری کردووە تا لەڕاپرسییەکدا خەڵاتی باشترین یاریزانی ئاسیای نێو خولەکانی ئەوروپا-ی پێ ببەخشێت، ٨ یاریزانەکە لە ٧ وڵاتی ئاسیایی و ٦ خولی جیاواز دیاری کراون کە رۆژانی ٨ تا ١٤-٩-٢٠٢٠ لەگەڵ یانەکانیان گۆڵیان تۆمار و سازکردووە و شووتیان بەئاراستەی گۆڵ لێداوە و لێسەندن و بڕینی تۆپیان ھەبووە.

کاوە رەزایی کرماشانی و ھێرشبەری کوردی یانەی رۆیاڵ شارلروا-ی بەلژیکایی لەگەڵ ھەریەکە لە (لی کانگ ئین/ کۆریای باشوور) لەیانەی ڤاڵانسیا-ئیسپانیا و (لی سونگ دو/ کۆریای باشوور) لەیانەی سینت ترویدن-بەلژیکا و (سام کیر/ ئوسترالیا) لەتیمی خانمانی یانەی چیڵسی-ئینگلتەرا، (ھیرۆکی ساکای/ ژاپۆن) لەیانەی ئۆڵۆمپیک مارسیلیا-فەڕەنسا، (باسل جرادی/ لوبنان) لەیانەی ھایدوک سپلیت-کرواتیا، (وو لی/ چین) لەیانەی ئیسپانیۆل-ئیسپانیا، (جوستن میرام/ عێراق) لەیانەی ریاڵ سالت لیک-ئەمریکا پالێوراون بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.

دەنگدانیش بەشێوەی ئۆنلاین لەوێبسایتی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا (the-afc.com) لەڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٠ دەستیپێکردووە و تا رۆژی ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت و پاشان ئەنجامەکەی بەفەرمیی رادەگەیەنرێت.

ھەڵبژاردنی کاوە رەزایی ھێرشبەری کورد و تەمەن ٢٨ ساڵ بۆ ئەم راپرسییەی وێبسایتی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا پاش ئەوە دێت کە لەدوایاری یانەکەی (رۆیاڵ شارلروا) بەرامبەر بەیانەی زولتە فاریگیم لەھەفتەی پێنجەمی خولی پیشەگەرانی تۆپی پێی یانەکانی بەلژیکا (جوپیلێر پڕۆلیگ)ی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١، توانی لە ٧٩ خولەک یاریکردندا ١ گۆڵ تۆماربکات و دوو بڕینی سەرکەوتووش ئەنجامبدات و جگە لەمەش لەکۆی ٥ یاری یانەکەیدا لەخولەکە لە ٤ یاریدا ٢٨٦ خولەک دەرکەوتووە و ٣ گۆڵی تۆمارکردووە.

دەتوانن لەم لینکەوە دەنگ بە کاوە رەزایی کرماشانی و ھێرشبەری بەتوانای کورد بدەن:

https://www.the-afc.com/news/afcsection/vote-for-your-afc-international-player-of-the-week

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close