هەواڵ

کاوە بەتۆمارکردنی دوو گۆڵ بردنەوەیەكی تری جوپیلێر پڕۆلیگی بەیانەکەی بەخشی

سەنگەر زرار- Kurd Sport

کاوە رەزایی ھێرشبەری کورد لەدەستپێکی یارییەکانی ھەفتەی شەشەمی جوپیلێر پڕۆلیگی یانەکانی بەلژیکای وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١دا دوو گۆڵی تۆمارکرد و شەشەم بردنەوەی بەئەنجامی ٣-١ پێشکەشی یانەکەی کرد و چووە ریزبەندی دووەمی گۆڵکەرانیش.

ئەمڕۆ ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٠ یانەی رۆیاڵ شارلروا-ی پێشەنگی خولەکە لەنێو یاریگای خۆی و بەبەشداری کاوە رەزایی کرماشانی و لەیارییەکانی ھەفتەیەکی نوێی خولی پیشەگەرانی تۆپی پێی یانەکانی بەلژیکا (جوپیلێر پڕۆلیگ)، میوانداریی لەیانەی بیرشوت –ی خاوەن پلەی دووەمی کرد و سەرەنجامیش ٣ گۆڵ و ٣ خاڵی لێوەرگرت و شەشەم بردنەوەی یەک لەسەریەکی خولەکەشی دەستەبەرکرد.

کاوە رەزایی ھێرشبەری نێودەوڵەتی کوردی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لەخولەکەکانی ٢٩ی نیوەی یەکەم و ٧٨ی نیوەی دووەم بەپەناڵتی و عەلی گولیزاد لەخولەکی ٥٥دا گۆڵەکانی یانەی رۆیاڵ شارلروا-یان لەم یارییەدا تۆمارکرد و بەمەش یانەکەیان بووە خاوەنی ١٨ خاڵ لە ٦ یاری و ٦ بردنەوەدا و ١٢ گۆڵی کردووە و ٢ گۆڵی لێکراوە و +١٠ گۆڵی ھەیە و پێشەنگی خولەکەی بۆخۆی بەھێزتر کردووە.

کاوە رەزایی کرماشانی کە لەکۆی ٦ یاری یانەکەی بەشداری لە ٥ یاریدا کردووە، بەتۆمارکردنی ئەم ٢ گۆڵەش بووە خاوەنی ٥ گۆڵ لە ٥ یاری و ٣٧٦ خولەک یاریکردن و لەکۆی ٥ گۆڵەکەشدا تەنھا ١ گۆڵی بەپەناڵتی تۆمار کردووە و ئێستاش لەخانەی دووەمی ریزبەندی گۆڵکەرانی جوپیلێر پڕۆلیگی یانەکانی بەلژیکا دایە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close