هەواڵ

یوسف ئەمینی تازەپێگەیشتوو بۆ تیمی یانەیەکی بۆندس لیگای لاوان یاری دەکات

سەنگەر زرار
تایبەت بە kurdsport

یوسف ئەمین-ی یاریزانی بەھرەمەند و تازەپێگەیشتووی کورد بەپێی بۆندێک بۆ ماوەی دوو ساڵ پەیوەندی بەتیمی لاوانی یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن-ی ئەڵمانیا-وە کرد.

یوسف کە لەپاش بەجێھێشتنی تیمی تازەپێگەیشتوانی ژێر تەمەن ١٧ ساڵی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند-ی ئەڵمانیا بەنیازبوو بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ تیپی دووەم/ لاوانی ژێر تەمەن ٢١ ساڵی یانەی زیوریخ-ی سویسرا یاری بکات، دواتر بەھۆی ھەندێک کاروباری تایبەتی خانەوادەکەی لەلایەنی نیشتەجێبوون و کارکردن و خوێندن لەسویسرا، یانەی ناوبراوی رەتکردەوە و ھەر لەئەڵمانیا و بەدیاریکراوی لەشاری کۆڵن-دا پەیوەندی بەتیمی لاوانی ژێر تەمەن ١٩ ساڵ/ دووەمی یانەی ڤیکتۆریا-ی ئەو شارەوە کرد.

یوسف-ی بەھرەمەند رۆژی ھەینی رابردوو ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بۆندەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ واژووکرد و رۆژی دووشەممەی داھاتوو ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بەفەرمیی پەیوەندی بەتیمی دووەمی یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن-ەوە دەکات و لەگەڵ تیمەکەدا دەست بەمەشق و راھێنان دەکات و وابڕیارە رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە یەکەم یاری لەخولی پلە یەکی تۆپی پێی لاوانی ژێر تەمەن ١٩ ساڵی یانەکانی ئەڵمانیا (بۆندس لیگا) بەرامبەر بەیانەی بۆخوم لەنێو یاریگای خۆیان ئەنجام بدات.

پێشووتر یوسف ئەمین-ى تەمەن ١٧ ساڵ بەر لە دوو مانگ لەگەڵ تیمی دووەمی یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن (تێست) کرابوو، پاش سەڵماندنی بوونی خۆی یانەکە راستەوخۆ داوی کرد کە بۆندی لەگەڵدا بکات، بەڵام بەھۆی نزیکی لەتیمی لاوانی ژێر تەمەن ٢١ ساڵی یانەی زیوریخ، پەیوەندی کردنی بەتیمی یانە ئەڵمانییەکەوە دواکەوت.

وەک وەلید فایەق ئەمین باوکی یوسف بە (کورد سپۆرت)ی راگەیاند، ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئێمە یوسف وەک یاریزانێکی ئازاد لەیانەی دۆرتمۆند-ەوە پەیوەندی بەیانەی ڤیکتۆریا کۆڵن-ەوە کرد، بەپێی بۆندەکە یوسف پاش سێ مانگ لەگەڵ تیمی یەکەمی یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن مەشق و راھێنانەکانی دەکات کە تیمەکە لەخولی پلە سێی تۆپی پێی یانەکانی ئەڵمانیا رکابەریی دەکات.

یوسف ئەمین لەگەڵ جان رەمەزان-ی راهێنەری كوردی رۆژئاوا و نیشتەجێی ئەڵمانیا و تیمی یانەی رۆژ دۆرتمۆند


شایەنی باسە پاش گەڕانەوەی لەسویسرا و بۆ ئەوەی دانەبڕێت، یوسف ئەمین لەژێر سەرپەرشتی جان رەمەزان-ی راھێنەری کورد بۆ ماوەی دوو ھەفتە لەتیمی یانەی (رۆژ دۆرتمۆند) مەشق و راھێنانەکانی خۆی کردووە.

*بیۆگرافیا:
-ناوی تەواو: یوسف وەلید فایەق ئەمین.
-بە (یوسف ئەمین) ناسراوە.
-ساڵڕۆژی لەدایکبوون: ٢١-٨-٢٠٠٣.
-شوێنی لەدایکبوون: شاری ئیسن-ی ئەڵمانیا.
-بەڕەچەڵەک کوردی باشوورە و خەڵکی شارۆچکەی دەربەندیخان-ە.
-رەگەزنامەی ئەڵمانی و عێراقی ھەیە.
-جگە لەکوردی، زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی دەزانێت.
-خوێندکاری ١٢ی دواقۆناغی ئامادەییە لەخوێندنگای ئالیس سالۆمۆن.
-باڵا: ١٧٢ سم.
-کێش: ٦٣ کگم.
-ھێڵی یاریکردن: ناوەند.
-لەبالی چەپ و ناوەند یاری دەکات.
-یانە: ڤیکتۆریا کۆڵن/ تیمی لاوانی ژێر تەمەن ١٩ ساڵ.
-ماوەی بۆند: ٢ ساڵ.
-لەتەمەنی ٤ ساڵییەوە لەیانەی توس کۆرنبێرگ-ی ئەڵمانیا دەستی بەیاری تۆپی پێ کردووە و تا تەمەنی ٨ ساڵی بەردەوام بووە.
-لەتەمەنەکانی ژێر ٩ و ١٠ و ١١ ساڵ بۆ تیمەکانی ئەکادیمیای یانەی بۆخوم/ ئەڵمانیا یاری کردووە.
-لەتەمەنەکانی ژێر ١٢ و ١٣ و ١٤ ساڵ بۆ تیمەکانی ئەکادیمیای یانەی بوروسیا دۆرتمۆند/ ئەڵمانیا یاری کردووە.
-وەرزی ٢٠١٧-٢٠١٨ بۆ تیمی تازەپێگەیشتووانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵی بوروسیا دۆرتمۆند/ ئەڵمانیا یاری کردووە.
-وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ لەھەردوو تیپی تازەپێگەیشتووانی ژێر تەمەن ١٦ و ١٧ ساڵی بوروسیا دۆرتمۆند/ ئەڵمانیا یاری کردووە.
-وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لەتیپی تازەپێگەیشتووانی ژێر تەمەن ١٧ ساڵی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند-ی ئەڵمانیا یاری کردووە.
-یاری بۆ ھەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی ئەڵمانیای ژێر تەمەنەکانی ١٥ و ١٦ ساڵ کردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close