هەواڵ

ئەم ھەفتەیە یەکەم پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەوی کوردستان لەھەولێر دەستپێدەکات

سەنگەر زرار- Kurd Sport

رێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان لەپاش دامەزراندنییەوە یەکەم پاڵەوانێتی خۆی لەشاری ھەولێر بەڕێوەدەبات.

وابڕیارە رۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ رێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان (KTPO) یەکەم چالاکیی خۆی دەستپێبکات کە پاڵەوانێتێیەکی کراوەی یاری تێنسی سەرزەوی بۆ کچان و کوڕان دەبێت و ماوەی ھەفتەیەک بخایەنێت.

لەبارەی ئەم پاڵەوانێتییەوە عەبدولناسر عەبدولڕەزاق یاریزانی دێرینی یاری تێنسی سەرزەوی شاری ھەولێر و سەرۆکی رێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان بۆ (Kurd Sport) قسەی کرد , وتی: رێکخراوەکەمان رێکخراوێکی ناحکومیە لەھاوینی ساڵی ٢٠١٩دا مۆڵەتی کارکردنمان پێدراوە، ئەم پاڵەوانێتییە دەبوو لەمانگی ئازاری رابردوو ئەنجامی بدەین، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نەماتوانی رێکیبخەین، ئێستاش پاش وەرگرتنی رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاری ئەنجامدانی لێدراوە.

ھەروەھا سەرۆکی رێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان وتی: پاڵەوانێتییەکە کراوەیە و لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان بۆ ھەموو تەمەنەکانە (یاریزانانی ژێر تەمەن ٨ تا ١٥ ساڵ و ئاستەکانی پێَشکەوتووان و دێرینەکان) بۆ ھەردوو رەگەز (کچان و کوڕان) دەبێت و ھێشتا ژمارەی بەشداربووان یەکلانەبۆتەوە، بەڵام ئەگەر ژمارەیان زۆربێت ئەوا سەرەتا پاڵاوتنیان بۆ دەکەین، یارییەکانیش لەیاریگاکانی ئەکواپارک و پێشمەرگە بەڕێوەدەبەین و بەڕێز ئەندازیار کەمال عەبدوڵڵا بۆ رێکخستنی ھاوکاری کردووین.

دواجاریش وتی: یاریزانانی شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و کەرکوک و دھۆک و موسڵ و بەغدا بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن و ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢-٩-٢٠٢٠ کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی شەو لەپەیجی رێکخراوەکەمان لەفەیسبووک بەشێوەی راستەوخۆ کۆبوونەوەی ھونەری و تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە ئەنجام دەدەین.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close