هەواڵ

ناوەڕاستکارە کەرکوکییەکە لەپێکھاتەی نموونەیی خولی نایابی یانەکانی پۆرتوگال دایە

سەنگەر زرار- kurdsport

ئوسامە رەشید-ی ناوەڕاستکاری بەئەزموون و نێودەوڵەتی کورد و کاپتنی یانەی سانتا کلارا ناوی چووە نێو پێکھاتەی ھەفتەی یەکەمی خولی یانەکانی پۆرتوگال.

پاش پێشکەش کردنی ئاستێکی بەرز لەیەکەم یاری یانەکەیدا لەھەفتەی یەکەمی قۆناغی یەکەمی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی پۆرتوگال-دا (لیگانۆس)، وێبسایتی گۆڵ پۆینت (GoalPoint)ی پۆرتوگالی کە تایبەتە بەھەڵسەنگاندنی ئاستی تیپ و یاریزانەکان و شیکاری لەسەر یارییەکانی خولەکە، پێکھاتەی نموونەیی باشترین ١١ یاریزانی ھەفتەکەی بڵاوکردەوە و یەکێک لەیاریزانەکانی نێو پێکھاتەکەش کاپتن ئوسامە رەشید-ی ناوەڕاستکاری کوردی یانەی سانتا کلارا-یە.

کاپتن ئوسامە رەشید-ی تەمەن ٢٨ ساڵ لەیارییەکەدا کە رۆژی ٢٠-٩-٢٠٢٠ بەرامبەر بەیانەی ماریتمۆ لەھەفتەی دەستپێکی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی پۆرتوگال ئەنجامیاندا و تیایدا بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر براوەبوون، بەھۆی ئاستە بەرزەکەیەوە وێبسایتی گۆڵ پۆینت لەبەرامبەر ھەڵسەنگاندنی ئاستیدا ٦.٨ خاڵی پێداوە و ناوی خستووەتە نێو پێکھاتەی نموونەیی ھەفتەی یەکەمی خولەکەوە.

شایەنی باسە ئوسامە جەبار شەفیق رەشید (ئوسامە رەشید) لەشاری کەرکوک لەدایکبووە و رەگەزنامەی ھۆڵەندی ھەیە و لەیەکەم یاری یانەکەیدا بەدرێسی ژمارە ٨ بەشێوەی سەرەکی ٩٠ خولەک دەرکەوت و سەرکردایەتی بردنەوەکە و بەدەستھێنانی یەکەم سێ خاڵی بۆ یانەی سانتا کلارا کرد.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close