هەواڵ

ناوەڕاستکارە کوردەکەی ھەڵبژاردەی سوریا چاوی ژمارەیەک یانەی ئاسیا و ئەوروپای لەسەرە

سەنگەر زرار- kurdsport

ناوەڕاستکارە کوردەکەی ئەڵمانیا و ھەڵبژاردەی تۆپی پێی سوریا لەسەر داوای خۆی لەیانەی ئەدەنە دەمیر سپۆر-ی بەشدار لەخولی پلە یەکی تۆپی پێی یانەکانی تورکیا جیابووەوە و چاوی ژمارەیەک یانەی ئاسیا و ئەوروپای لەسەرە.

یانەی ئەدەنە دەمیر سپۆر-ی تورکی بەفەرمیی دەستبەرداربوونی سێ یاریزانی راگەیاند کە یەکێکیان ئەیاز عوسمان-ی ناوەڕاستکاری لاوی کورد-ە و مۆڵەتی رۆژی ٥ی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ی پێداوە کە تا ئەو وادەیە یانەیەکی نوێ بۆخۆی ھەڵبژێرێت، ئەیاز-یش بەمەبەستی پشوودان و دیاریکردنی وێستگەی ئایندەی یاریکردنی گەڕایەوە ئەڵمانیا.

ئەیاز کە بۆندی تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ لەگەڵ یانەی ئەدەنە دەمیر سپۆر ھەبوو، بەخواستی خۆی داوای ھەڵوەشاندنەوەی بۆندەکەی کرد و یانەکەشی دواجار رێگەی رۆیشتنی پێدا و دوێنێ ٢٣-٩-٢٠٢٠ یاریزانی ناوبراویش لەڕێگەی فڕۆکەخانەی ئەدەنەوە گەڕایەوە ئەڵمانیا.

بەپێی زانیاری میدیاکانی وەرزشی سوریا، ئەیاز عوسمان-ی تەمەن ٢٥ ساڵ و ناوەڕاستکاری کوردی ھەڵبژاردەی یەکەمی سوریا ژمارەیەک بۆندی یانەکانی ئەوروپا و ئاسیای پێشکەشکراوە لەوانە بۆندی سێ یانەی سعودیە (فەتح و زەمک و قادسیە) کە بەسەرەتای ئەم مانگەوە لەسەر ھێڵن بۆ گواستنەوەی ئەم یاریزانە کوردە بۆ ریزەکانیان و ھەواڵی چوونیشی بۆ یانەیەکی سوپەر لیگی تورکیا-ش ھەیە.

شایەنی باسە ئەیاز-ی یاریزانی پیشەگەر و نێودەوڵەتی ھەڵبژاردەی سوریا، کوردی رۆژئاوایە و خاوەن رەگەزنامەی ئەڵمانی و سورییە و وەرزی پێشوو ٢٠١٩-٢٠٢٠ لەیەکەم ئەزموونی یاریکردنی لەدەرەوەی ئەڵمانیا لەھێڵی ناوەند بۆ یانەی ئەدەنەدەمیر سپۆر یاریکرد.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close