هەواڵ

ھێرشبەرێکی کورد یانەکەی پەڕاندەوە قۆناغی داھاتووی ئەوروپا لیگ

سەنگەر زرار- kurdsport

کاوە رەزایی ھێرشبەری نێودەوڵەتی کوردی کرماشانی یانەی رۆیاڵ شارلروا-ی بەلژیکایی پەڕاندەوە قۆناغی داھاتووی خولی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ یانەکان (ئەوروپا لیگ).

کاوە رەزایی کرماشانی و ھێرشبەری ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤-٩-٢٠٢٠ یەکەم یاری خۆی لەگەڵ یانەی رۆیاڵ شارلروا لەئەوروپا لیگ بەرامبەر بەیانەی پارتیزان بەلگراد-ی سربی ئەنجامدا و سەرەنجامیش توانی گۆڵی بردنەوەی ٢-١ بۆ یانەکەی تۆماربکات و لەقۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەوە بۆ قۆناغی یەکلاکەرەوەی پاڵاوتنی خولەکە سەری بخات.

لەیارییەکەدا کاوە رەزایی تەمەن ٢٨ ساڵ بەشێوەی سەرەکی بۆ یانەی رۆیاڵ شارلروا-ی بەلژیکایی لەنێو یاریگای دو پایس دو شارلروا یاریکرد و سەرەتا لەخولەکی ١١دا بەگۆڵێکی دوریان دیسویل پێشکەوتن و دواتر یانەی پارتیزان لەخولەکی ٥٣دا گۆڵی بەرامبەری لەڕێگەی سیدوبا سوما کردەوە و ئەنجامەکەی بۆ ١-١ ھاوسەنگ کردەوە، یاری گەیشتە دوو تایمی زیادکراو و کاوە بووە پیاوی یەکلاکەرەوەی ئەنجامی کۆتایی یارییەکە لەبەرژەوەندی یانەکەی کاتێک لەخولەکی ١٠٧دا گۆڵی دووەم و بردنەوەی تۆمارکرد و لەخولەکی ١١٧دا گۆڕانکاری تاکتیکی پێکرا و برایە دەرەوەی یاریگا.

شایەنی باسە کاوە رەزایی باڵای ١٨٥ سانتیمەترە و کێشی ٧٤ کیلۆگرامە و بۆ وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لەگەڵ یانەکەی ٦ یاری ئەنجامداوە و ٦ گۆڵیشی ھەیە، (٥ یاری و ٥ گۆڵ و ٣٧٦ خولەک) لەخولی پیشەگەرانی تۆپی پێی یانەکانی بەلژیکا و (١ یاری و ١ گۆڵ و ١١٦ خولەک) لەئەوروپا لیگ-دا.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close