هەواڵ

لەخولی یانەکانی دانیمارکدا ئەحمەد یەکەم گۆڵی ئەم وەرزەی تۆمارکرد

سەنگەر زرار- Kurd Sport

ئەحمەد حەسەن-ی ھێرشبەری لاوی کورد یەکەم گۆڵی خۆی لەوەرزی نوێی خولی دانیمارک تۆمارکرد و لەگەڵ ھاوڕێکانیشی سێ گۆڵ و سێ خاڵ و سێیەم بردنەوەیان پێشکەشی یانەکەیان کرد.

رۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لەدەستپێکی یارییەکانی ھەفتەی پێنجەمی قۆناغی یەکەمی خولی پلە دووی تۆپی پێی یانەکانی دانیمارک-ی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بۆ تیپەکانی گروپی دووەم، یانەی ناستڤید بەبەشداریی سەرەکی ئەحمەد حەسەن-ی ھێرشبەری پیشەگەری کوردی دانیمارک، بووە میوانی یانەی رۆسکیلدە کفوم و سەرەنجامیش توانییان ئەنجامی کۆتایی یارییەکە لەنیوەی یەکەمدا بە سێ گۆڵی بێوەڵام لەبەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە و ٣ خاڵی گرنگ لەیەکێک لەڕکابەرەکانی وەربگرێت و سێیەم بردنەوەش لەخولەکەدا بۆخۆی دەستەبەربکات.

گۆڵی یەکەمی یارییەکە لەخولەکی ٩دا بەواژووی ئەحمەد حەسەن-ی خاوەن درێسی ژمارە ٩ی یانەی ناستڤید تۆمارکرا کە یەکەم گۆڵی خۆشی بوو لەخولی ئەم وەرزەدا تۆماری بکات و پاشان ھەریەکە لە ھاوڕێکانی نجا و کۆستا لەخولەکەکانی ١٤ و ٣١ی نیوەی یەکەمدا گۆڵەکانی دووەم و سێیەمیان تۆمارکرد و سەرەنجامیش ٣-٠ براوەبوون و یانەکەیان کردە خاوەن سێیەم بردنەوەی خولەکە و دووەم بردنەوەی یەک لەسەریەک.

بەم ئەنجامەش یانەکەی ئەحمەد حەسەن-ی ھێرشبەر بە ١٠ خاڵ لە ٤ یاری (٣ بردنەوە و ١ یەکسانبوون) لەپلەی دووەمی گروپەکەی دایە و یارییەکی کەمتریش لەیانەکانی تر کردووە و ٧ گۆڵی ھەیە و ھیچ گۆڵی لێنەکراوە.

شایەنی باسە ئەحمەد حەسەن ئەحمەد-ی ھێرشبەری لاوی کورد خەڵکی شاری ھەولێر-ە و تەمەنی ٢٣ ساڵە و باڵای ١٧٩ سانتیمەترە و بۆ سێیەم وەرزە لەگەڵ یانەی ناستڤید یاری دەکات و لەوەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١دا لەگەڵ یانەکەی لەھێڵی پێشەوەدا بەباشی دەرکەوتووە و لە ٥ یاریدا ٤٥٠ خولەک یاری کردووە و توانیویەتی ٣ گۆڵ تۆماربکات، (٤ یاری و ١ گۆڵ و ٣٦٠ خولەک یاری) لەخولی پلە دووی یانەکانی دانیمارک و (١ یاری و ٢ گۆڵ و ٩٠ خولەک یاری) لەخولی جامی یانەکانی دانیمارک-دا.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close