هەواڵ

وێستگەی داھاتووی یاریکردنی بەختیار لەگەڵ میوانە نوێیەکەی پڕۆ لیگ دەبێت

سەنگەر زرار- kurdsport

وێستگەی داھاتووی یاریکردنی بەختیار رەحمانی ناوەڕاستکاری نێودەوڵەتی و پیشەگەری کورد لەگەڵ میوانێکی نوێی پڕۆ لیگی یانەکانی ئێران دەبێت.

پاش کۆتایی ھاتنی ماوەی بۆندەکەی لەگەڵ یانەی سەنعەت نەفت عەبادان-ی ئێرانی، ھەواڵی میدیاکانی وەرزشی ئێرانی باس لەوە دەکەن کە بەختیار رەحمانی تەمەن ٢٨ ساڵ و ناوەڕاستکاری بەئەزموونی کورد بۆ وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ی خولی پیشەگەرانی تۆپی پێی یانەکانی ئێران (پڕۆلیگ)، روودەکاتە یانەی ئالومینیوم ئاراک-ی پاڵەوانی خولی پلە یەکی یانەکانی ئێران (لیگ ئازادگان)ی وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ کە بۆ وەرزی نوێ وەک میوانی نوێ لەپڕۆ لیگی یانەکانی ئێران یاری دەکات.

سەرچاوەکانی ھەواڵ ئاماژە بەوە دەدەن کە یانەی ئالومینیوم ئاراک-ی میوانی نوێی پڕۆ لیگ بۆ رکابەریکردن لەخولەکەدا ھەردوو یاریزان بەختیار رەحمانی و ئیسماعیل شەریفات-ی کردووەتە ئامانج و لەگەڵ ھەردوو یاریزانیش لەگفتوگۆدایە.

شایەنی باسە بەختیار مەجید رەحمانی ناوەڕاستکاری کورد خەڵکی شارۆچکەی سەرپێلڕ زەھاو-ی سەر بەشاری کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستانە و لەژیانی یارکردنی پیشەگەریدا ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠٢٠ بۆ یانەکانی (فولاد نوین و فولاد خوزستان ئەھواز و تراکتۆرسازی تەبرێز و ئیستقلال تاران و پەیکان و فولاد خوزستان ئەھواز و زوب ئاھان ئەسفەھان و سیپاھان ئەسفەھان و سەنعەت نەفت عەبادان) یاری کردووە و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤ یاری بۆ ھەڵبژاردەکانی بێچووەشێرانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ و تازەپێگەیشتووانی ژێر تەمەن ١٧ ساڵ و لاوانی ژێر تەمەن ٢٠ ساڵ و ئۆڵۆمپی ژێر تەمەن ٢٣ ساڵ و یەکەمی ئێران یاری کردووە و لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئێرانیش بەشداری مۆندیالی ٢٠١٤ی بەرازیلی کردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close