هەواڵ

دوو یانەی بۆندس لیگای دووی ئەڵمانیا یاریزانێکی کورد دەکەنە ئامانج

سەنگەر زرار- kurdsport

ئەیاز عوسمان-ی ناوەڕاستکاری لاوی کوردی ئەڵمانیا و ھەڵبژاردەی تۆپی پێی سوریا لەلایەن دوو یانەی بۆندس لیگای دووی ئەڵمانیاوە کراوەتە ئامانج.

پاش ئەوەی لەسەر داوای خۆی بۆندەکەی لەگەڵ یانەی ئەدەنە دەمیر سپۆر-ی تورکی ھەڵوەشاندەوە و کۆتایی بەیەکەم ئەزموونی یاریکردنی دەرەکی لەجەرەوەی ئەڵمانیا ھێنا، ھەردوو یانەی (ئینتراخت براونشفایگ و فۆرتسبۆرگر کیکەرز) کە لەخولی پلە دووی تۆپی پێی یانەکانی ئەڵمانیا رکابەریی دەکەن لەسەر گواستنەوەی ناوەڕاستکارە کوردەکە بۆ ریزەکانیان.

لەمبارەیەوە سەرچاوە وەرزشییەکانی سوریا بڵاویان کردەوە کە جگە لەچەند بۆندێکی یانەکانی ناوچەی کەنداو لەوانە یانەکانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر، ئەیاز عوسمان-ی ناوەڕاستکاری نێودەوڵەتی کورد و ھەڵبژاردەی یەکەمی سوریا لەلایەن ھەردوو یانەی (ئینتراخت براونشفایگ و فۆرتسبۆرگر کیکەرز)ی ئەڵمانی کراوەتە ئامانج و ھەردوو یانەکەش کە لەخولی پلە دووی تۆپی پێی یانەکانی ئەڵمانیا (بۆندس لیگا/٢) بەشدارن، رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەم یاریزانە تەمەن ٢٥ ساڵە دەکەن.

شایەنی باسە ئەیاز عوسمان-ی ناوەڕاستکاری پیشەگەری کورد کە لەشاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە و لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و رەگەزنامەی ئەڵمانی و سوری ھەیە، لەپێشووتردا بۆ ماوەی سێ وەرز (٢٠١٦-٢٠١٧، ٢٠١٧-٢٠١٨، ٢٠١٨-٢٠١٩) ئەزموونی یاریکردنی لەگەڵ یانەی دینامۆ دریسدن لەخولی پلە دووی تۆپی پێی یانەکانی ئەڵمانیا (بۆندس لیگا/٢)دا ھەبووە و لە ٦٦ یاریدا ٨ گۆڵی تۆمار و ٤ گۆڵیشی سازکردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close