هەواڵ

میسییە کوردەکەی ئاسیا لەقۆناغێکی تری ئامادەسازییەکانی ھەڵبژاردەکەی ئامادەیی دەبێت

ئا: سەنگەر زرار- kurdsport

میسییە کوردەکەی ئاسیا داوەتی قۆناغی سێیەمی ئامادەسازییەکانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی ئێرانی ژێر تەمەن ١٦ ساڵ کرایەوە.

پاش بەشداری کردنی لەدوو قۆناغی ئامادەسازییەکانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی ئێرانی ژێر تەمەن ١٦ ساڵ، یادگار رۆستەمی ناسراو بە (میسی ئاسیا) ھێرشبەری لاوی کوردی مەریوانی و ئەندامی تیمی تازەپێگەیشتووانی ئەکادیمیای فوتبۆڵی کیا-ی تاران جارێکی تر و لەقۆناغێکی نوێی ئامادەسازییەکانی ھەڵبژاردەکەدا ئامادەیی دەبێت، ئەمەش پاش ئەوەی حسێن عەبدی راھێنەری ھەڵبژاردەکە ناوی ٢٤ یاریزانی ئاشکرا کە لەڕۆژی ھەینی داھاتوو ٢-١٠-٢٠٢٠ەوە داوەتی قۆناغی سێیەمی ئامادەسازییەکانی ھەڵبژاردەکە کراون و یادگار-یش یەکێکە لەیاریزانە بانگھێشت کراوەکان.

بەپێی ھەواڵێکی وێبسایتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، ئەم ٢٤ یاریزانە رۆژی ھەینی ٢-١٠-٢٠٢٠ لە کەمپی مھمانسرا لەشاری تاران کۆدەبنەوە بەمەبەستی ئامادەکردنیان بۆ کۆتاییەکانی پاڵەوانێتی تازەپێگەیشتووانی جامی وڵاتانی ئاسیا-ی ژێر تەمەن ١٦ ساڵ کە رۆژانی ٢٥-١١ تا ١٢-١٢-٢٠٢٠ لەوڵاتی بەحرەین بەڕێوەدەچێت.

شایەنی باسە یادگار واحید رۆستەمی ھێرشبەری بەھرەمەندی کورد کەئەندامی تیمی تازەپێگەیشتووانی ئەکادیمیای فوتبۆڵی کیا-یە، لەقۆناغی پاڵاوتنی گەیشتن بەکۆتاییەکانی پاڵەوانێتی جامی ئاسیا یەکێک بوو لەئەندامانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی ئێرانی ژێر تەمەن ١٦ ساڵ و لەگەڵ ھاوڕێکانی پاش ئەوەی لەقۆناغی پاڵاوتنەکەدا بە ٣ بردنەوە و ٩ خاڵ بەربەستی ھەڵبژاردەکانی ماڵدیف و فەلەسنین و ئەفغانستان-یان بڕی و ھەڵبژاردەکەیان راستەوخۆ گەیاندە کۆتاییەکانی پاڵەوانێتی ئاسیا.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close