هەواڵ

بەرگریکارە كوردەکەی کریستاڵ پاڵاس لەبەرامبەر چێڵسی گۆڵسازی یانەکەی بوو

سەنگەر زرار- kurdsport

لەھەفتەی سێیەمی پریمێر لیگی ئینگلیزی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ و بەئەسیستی بەرگریکارە کوردەکە، تیمی لاوانی یانەی کریستاڵ پاڵاس لەتیمی لاوانی یانەی چێڵسی لەندەنی بردەوە.

ئەمڕۆ ھەینی ٢-١٠-٢٠٢٠ لەدرێژەی یارییەکانی ھەفتەی سێیەمی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی ئینگلیزی (پریمێر لیگ) بۆ تیمەکانی لاوانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ تیمی لاوانی یانەی کریستاڵ پاڵاس بەبەشداری سەرەکی بەرگریکارە کوردەکەی (کاردۆ سدیق)، بووە میوانی تیمی لاوانی یانەی چێڵسی لەندەنی و سەرەنجامی یارییەکی بەھێزیش توانی لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا ١-٠ براوە بێت.

تاکە گۆڵی یارییەکەش ڤیکتۆر ئاکینوێل لەخولەکی ٦٦ی نیوەی دووەمدا بەپاسێکی جوانی کاردۆ سدیق-ی بەرگریکاری لاوی کورد تۆماری کرد.

بەم ئەنجامەش تیمی لاوانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵی یانەی کریستاڵ پاڵاس بە ٦ خاڵ لە ٣ یاری (٢ بردنەوە و ١ دۆڕاندن) و (٥-٤ گۆڵ) گەیشتە خانەی شەشەمی ریزبەندی پریمێر لیگی ئینگلیزی و کاردۆ کامەران سدیق ئەفراسیاو-ی یاریزانی لاوی کوردیش بووە خاوەنی ١ پاسی گۆڵ (ئەسیست) لە ٣ یاری و ٢٧٠ خولەک یاری کردندا.

شایەنی باسە کاردۆ سدیق رۆژی ٢١-٩-٢٠٠٢ لەبەریتانیا لەدایکبووە و باڵای ١٩٣ سانتیمەترە و کێشی ٧٢ کیلۆگرامە و رۆژی ١-١١-٢٠١٩ بۆندی لەگەڵ یانەی کریستاڵ پاڵاس واژووکردووە و بۆندەکەی رۆژی ٣٠-٦-٢٠٢١ تەواودەبێت و لەدوو وەرزی رابردوودا ٢٠١٨-٢٠١٩ و ٢٠١٩-٢٠٢٠ لەگەڵ تیپەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوانی یانەکەدا توانیویەتی ٢٤ یاری فەرمیی ئەنجام بدات و ٢ گۆڵیش تۆماربکات.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close