هەواڵ

بەڤیدیۆ: ژیلوان بردنەوەیەکی بەنرخ و پێشەنگی خولی کرواتیای بەیانەکەی بەخشی

سەنگەر زرار- Kurd Sport

ژیلوان حەمەد-ی یاریزانی نێودەوڵەتی و پیشەگەری کوردی یانەی گۆریکا-ی کرواتی بردنەوەیەکی بەنرخ و پێشەنگی خولەکەی پێشکەشی یانەکەی کرد.

رۆژی ٣-١٠-٢٠٢٠ لەمیانەی یارییەکانی ھەفتەی حەوتەم لەقۆناغی یەکەمی خولی پلە یەکی تۆپی پێی یانەکانی کرواتیا (HNL-a)ی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١دا یانەی گۆریکا-ی کرواتی بەبەشداری سەرەکی ژیلوان حەمەد-ی ناوەڕاستکاری کورد لەسەریاریگای خۆی (رادنیک) میوانداریی لەیانەی ھایدوک سپلیت کرد و سەرەنجامی یارییەکی بەھێزیش توانی ٢-١ براوەبێت و پێنجەم بردنەوە لەخولەکەدا دەستەبەربکات و بەشێوەیەکی کاتیش بە ١٦ خاڵ بگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.

یانەی گۆریکا نیوەی یەکەمی یارییەکەی ٠-١ بەیانەی ھایدوک سپلیت دۆڕاند کاتێک (ساکتاس) بەپەناڵتی لەخولەکی ٤٥دا گۆڵەکەی لێکردن، بەڵام لەنیوەی دووەم و بەدیاریکراوی لەخولەکی ٦٢دا بەپەناڵتی (کریستیان لۆڤریچ) گۆڵی ١-١ی بەرامبەربوونی بۆ یانەی گۆریکا کردەوە و ئەنجامەکەی ھاوسەنگ کردەوە، لەخولەکی ٧٠دا ژیلوان بووە ھۆکاری دەرکردنی یاریزانێکی یانەی میوانیان و یاری لە ١٥ خولەکی کۆتایی نزیک دەبووەوە و لەخولەکی ٧٨دا ژیلوان حەمەد توانی گۆڵی دووەم و پێشکەوتن بۆ یانەی گۆریکا بکات و بەرگریکردنیش لەم پێشکەوتنە تا فیکەی کۆتایی بەردەوام بوو.

بەمەش کوردستارەکەی یانەی گۆریکا کەخولەکی ٩٠ گۆڕانکاری تەکتیکی پێکرا و برایە دەرەوەی یاریگا، پاش گەڕانەوەی لەپێکانی شانی، توانی یەکەم یاری خۆی بەشێوەی سەرەکی ئەنجام بدات و بردنەوەیەکی بەنرخ بەیانەکەی ببەخشێت و بەم بردنەوەیەش یانەکەی بباتەوە پێشەنگی ریزبەندی بە ١٦ خاڵ لە ٧ یاری (٥ بردنەوە و ١ یەکسانبوون و ١ دۆڕاندن) و ١٧ گۆڵیان ھەیە و ١٠ گۆڵیان لێکراوە.

بەمەش ژیلوان محەمەد حەمەد ئەڵڵاوێردی رانیەیی کەتەمەنی ٢٩ ساڵە توانی یەکەم گۆڵی خۆی لەخولی پلە یەکی یانەکانی کرواتیا-ی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ تۆماربکات، ئەمەش پاش ئەنجامدانی ٤ یاری و ١٨٩ خولەک یاریکردن بەدرێسی ژمارە ٧ لەھێڵی ناوەندی یانەی گۆریکا.

شایەنی باسە ژیلوان وەرزی رابردوو ٢٠١٩-٢٠٢٠ لەخولی پلە یەکی یانەکانی کرواتیادا ٢٥ یاری ئەنجامدا و لە ١٥٣٨ خولەک یاریکردندا توانی ٣ گۆڵ تۆمار و ٣ گۆڵی تریش سازبکات و جگە لەمەش لەخولی جامی یانەکانی کرواتیادا ٤ یاری تری ئەنجامدا و ١٦١ خولەک یاریکرد.

*بۆ بینینی گۆڵەکانی ئەم یارییە، کلیک لێرە بکە:

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close