ژیانی ئەستێرەكان

گۆڵپارێزێکی کورد ۸٠ ساڵ بەرلەئێستا لەتیپی سەربازی بوە

مێژوی وەرزشی سلێمانی ئەگەر چی زۆر بەڕونی دیار نییە، بەڵام هەندێک وێنە ماونەتەوە کەدەرخەری ئەو راستیەن لەسەردەمی دەسەڵاتی مەلەکی عێراقی و دەسەڵاتەکانی پێشوش، تیپی وەرزشی لەشاری سلێمانیدا هەبوەو چەندین گەنجی کورد توانا وەرزشیەکانی خۆیان پیشانداوە.
حاجی عەبدولای حاجی فەتحوڵای باخەوان یەکێکە لەو کەسانەی کەلەساڵی ۱۹٤۲ لەتیپێکی وەرزشی ئەوکاتدا وەک گۆڵپارێز یاری کردوەو وێنەیەکی مێژویشی لای خۆی پاراستوەو لەئێستاشدا بەدەست (ناوەندی وەرزشی کوردستان)کەوتوە.


بەپێی بەدواداچونەکانمان دەرکەوتوە کە ئەو تیپەی حاجی عەبدوڵا یاری تێدا کردوە، تیپی (روشدیەی سەربازی) ئەو کات بوە کەلەسلێمانی یاری تۆپی پێیان کردوە.
چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن کەپێش ئەو بەروارەش واتە لەسییەکانی سەدەی پێشوو حاجی عەبدوڵا یاری باسکیت بۆڵی کردوەو هەرکاتێکیش حاجی عەبدولا لەناو یاریگادا بوبێت هەموو دڵنیابون لەوەی کەتیپەکەی ئەو دەیباتەوە.


لەیەکێک لەبەسەرهاتەکانیدا کەبۆ کچەکەی (گوڵزار خان)ی گێراوەتەوە دەڵێت: بەڕێوبەری قوتابخانەکە بەڵێنی پێداون کە ئەگەر یارییەکە ببەنەوە دەعوەتیان بۆبکات، بۆیە دوای بردنەوەی یارییەکەو بەدەست هێنانی جامەکە، یاریزانەکان دەبەن بۆ ناوچەی (فیرقەی کۆن) ئێستای شەقامی سالم و نزیک پارکی نالی و لەوێ تەنها چایەکیان بۆ ئەکڕن کە نرخەکەی تەنها (یەک پول) بوە.

پارێزەرو نوسەر تەھا بابان لە کتێبەکەیدا بە ناوی( چەپکێک ڕۆشنیری ڕەنگاو ڕەنگ) بەم شێوەیە باس لە خوالێخۆش بوو حاجی عەبداللە ئەکات: عەبداللە سەرشەقامی کە زەرعاتیان ھەبوو لە جولەکان ، یەکێک بوو لە گۆڵچیە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە، زۆر بەتوانا بوو زۆرتر بەدەست لە تۆپەکەی ئەدا وەک یاری بالە وەک لەوەی بیگرێ کە لە تۆپەکەشی ئەدا بەقەدەر نیمچە شوتێک تۆپەکەی دوور ئەخستەوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا کە لەکاتی خۆی ئەتوت پایەیە ، نەخۆش لاواز بە گۆچان ئەڕۆیشت. ئای دنیا !


حاجی عەبدولا ساڵی ۱۹۲٤ لەگەرەکی سەرشەقام لەدایک بوەو لە ٥ ساڵییەوە حوجرە لای مەلاحەسەن خوێندوەو لەقوتابخانەکانی ئەیوبیەو فەیسەڵیە درێژەی بەخوێندن داوەو بەکەسێکی قسەزان و ڕۆشنبیرو بەتوانا ناسراوبوو، لەتەمەنی ۸٥ ساڵی لە ۲٠_۲_۲٠٠۹ لەگەرەکی چوارباخ کۆچی دوایی کرد.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close