هەواڵ

یانەکەی کوردانی سوید دوو یاریزانی خۆی دەداتە یانەکانی ھەولێر و زاخۆ

ئا: سەنگەر زرار

یانەی دلکورد-ی کوردانی سوید لەخولی پلە یەکی تۆپی پێی سەرتاسەریی یانەکانی سوید (سوپێرتان) رکابەریی دەکات، دوو یاریزانی خۆی بەشێوەی خواستن دا بەھەردوو یانەی ھەولێر و زاخۆ.

ھەریەکە لەیاریزانانی لاوی کورد (ھارون ئەحمەد زوبێر/ ھارون زێباری) ناوەڕاستکار و (فەرحان شوکور تۆفیق/ فەرحان شوکور)ی ھێرشبەر پاش ئەوەی لەکۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ بەشێوەیەکی فەرمیی بوونە جەنگاوەری یانەی دالکورد، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەدەغەی گەشتکردن و ھاتووچۆوە نەیانتوانی پەیوەندی بەیانەکەوە بکەن، دواجار ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٧-١٠-٢٠٢٠ یانەکە بەفەرمیی بڵاوی کردەوە کە ھەردوو یاریزانەکەی بەخواستن داوەتە یانەکانی زاخۆ و ھەولێر.

یانەی دالکورد ئەوەی ئاشکرا کردووە کە بەداخەوەن بۆ ئەوەی ھەردوو یاریزان ھارون و فەرحان نەیانتوانی پەیوەندی بەیانەکەیانەوە بکەن، ئەمەش بەھۆی ئەو مەرج و رێنماییانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە لەبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەپاندوویانە، بۆیە تا ھاوینی ساڵی ٢٠٢١ ھەردوو یاریزان (فەرحان شوکور) بەشێوەی خواستن بەیانەی ھەولێر و ھارون ئەحمەد-یشیان ھەر بەشێوەی خواستن داوەتە یانەی زاخۆ.

شایەنی باسە ھارون زێباری تەمەن ٢٥ ساڵ لەکوردستان یاریزانی یانەکانی دھۆک و برایەتی بووە و فەرحان شوکور-ی تەمەن ٢٤ ساڵیش لەکوردستاندا بۆ یانەکانی سلێمانی و ھەولێر و زاخۆ و برایەتی و لەدەرەوەی عێراقیش بۆ یانەی فەیسەڵی ئوردنی یاری کردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close