هەواڵ

یەکەم یاری کوردستارەکە لەگەڵ مانشافتی ئەڵمانیا و بێھیواکردنی سورییەکان

سەنگەر زرار- kurdsport

یاریکردن لەڕیزی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا خەونی کوردستارەکەی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند بوو، شەوی حەوت لەسەر ھەشتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ئەم خەونەشی لەیارییە دۆستانەکەی نێوان ھەردوو ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا و تورکیا ھاتەدی، کاتێک یواکیم لۆف-ی راھێنەری مانشافتی ئەڵمانیا لەخولەکی ٧٩ی نیوەی دووەمی یارییەکەدا بەشداری پێکرد.

بەمەش چیرۆکی یاری کردنی ئەم یاریزانە یوەی کورد بۆ ھەڵبژاردەی تۆپی پێی سوریا کۆتایی پێھات و جەماوەری تۆپی پێی سوریا-ی بێھیوا کرد لەوەی کە بژاردەکەی ھەڵبژاردەی وڵاتەکەی خۆی (سوریا) بێت و یارمەتی ئەوان بدات، نەک یاری بۆ ھەڵبژاردەی وڵاتی دووەمی بکات.

پاش یاریکردنیشی بۆ ماوەی ١٢ خولەک بۆ ھەڵبژاردەی یەکەمی ئەڵمانیا و ئەنجامدانی یەکەم یاری نێودەوڵەتی، داود کە رۆژی ١-١-١٩٩٦ لەشاری عامودێ/ عامودا-ی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە، ئەوەی راگەیاند زۆر شانازی بەوەوە دەکات کە یاری بۆ ئەڵمانیا کردووە.

مەحمود داود-ی تەمەن ٢٤ ساڵ کەساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٠ بژاردەی یاری کردنی بۆ ھەڵبژاردەی سوریا رەتکردەوە، چەند مانگێک لەمەوبەر بەوێبسایتی (sport buzzer) راگەیاندبوو کە ئەو بێ ھیوا نەبووە لەوەی یاری بۆ ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکات و بۆ یەکەمجاریش زۆر بەڕاشکاوی ئەوەی ئاشکراکردبوو کە حەزدەکات لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەردەوام بێت و نوێنەرایەتی کردنی ئەو ھەڵبژاردەیەی ھەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی لەوە تێ دەگات کە لێرە لەئەڵمانیا گەورە بووە و ھەست دەکات کەئەڵمانییە.

ئێستاش پاش بانگھێشت کردنی بۆ ریزی مانشافتی ئەڵمانیا و یاری کردنی، مەحمود موستەفا داود کە تەمەنی کەمتر لە ٣ ساڵ بووە لەگەڵ خانەوادەکەی روویان کردۆتە شاری دوسلدۆرف-ی ئەڵمانیا، چارەنووسی خۆی بۆ ئەڵمانەکان یەکلاکردەوە و دەرگای یاری کردنی لەسەر ھەڵبژاردەی تۆپی پێی سوریا داخست.

ماوەتەوە ئەوە بڵێین ئەم یاریزانە بەڕەچەڵەک کوردە رەگەزنامەی ئەڵمانی ھەیە و سەرەتا بۆ تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی دوسلدۆرف یاری کردووە و پاشان بۆ یانەی بوروسیا مونشن گڵادباخ و دواجاریش لەگەڵ یانەی بوروسیا دۆرتمۆند بەردەوامە لەیاری کردن و تائێستاش بۆ ھەڵبژاردەکانی لاوانی ئەڵمانیای ژێر تەمەنەکانی ١٨ و ١٩ و ٢٠ و ٢١ ساڵ ٣٤ یاری و ٤ گۆڵی کردووە و لەگەڵ ھەڵبژاردەی یەکەمی ئەڵمانیا-شدا بووە خاوەنی ١ یاری.

ڤیدیۆ: مەحمود داود لەئاھەنگێکی کوردانی ئەڵمانیا گۆرانی دەڵێت:

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close