هەواڵ

هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ به‌تۆماركردنى دوو گۆڵ بردنه‌وه‌یه‌كى ترى به‌ یانه‌كه‌ى به‌خشى

سه‌نگه‌ر زرار- Kurd Sport

ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن-ى هێرشبه‌رى لاوى كورد له‌یارى ئه‌مشه‌وى یانه‌كه‌یدا وه‌ك پاڵه‌وان ده‌ركه‌وت و دووه‌م و سێیه‌م گۆڵى خۆى له‌م وه‌رزه‌ى خولى پله‌ دووى تۆپى پێى یانه‌كانى دانیمارك تۆماركرد.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 9-10-2020 له‌ده‌ستپێكى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى حه‌وته‌م له‌قۆناغى یه‌كه‌مى خولى پله‌ دووى تۆپى پێى یانه‌كانى دانیمارك-ى وه‌رزى 2020-2021 بۆ تیپه‌كانى گروپى دووه‌م، یانه‌ى ناستڤید به‌به‌شداره‌ى سه‌ره‌كى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن-ى هێرشبه‌رى لاوى كورد له‌سه‌ر یاریگاى خۆیدا میواندارى له‌یانه‌ى ئاڤارتا كرد و سه‌ره‌نجامیش 3 گۆڵ و 3 خاڵى له‌میوانه‌كه‌ى وه‌رگرت.

ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن-ى هێرشبه‌رى كورد كه‌ پاڵه‌وانى ئه‌م دیداره‌ى یانه‌كه‌ى بوو، له‌نیوه‌ى یه‌كه‌مى یارییه‌كه‌ و به‌دیاریكراوى له‌خوله‌كى 21دا یانه‌ى ناستڤید-ى به‌گۆڵێك پێشخست و له‌سه‌ره‌تاى نیوه‌ى دووه‌م و له‌خوله‌كى 47دا گۆڵى دووه‌مى یانه‌كه‌ى و خۆى له‌م یارییه‌دا تۆماركرد و له‌دوا خوله‌كى یارییه‌كه‌شدا چریستۆڤه‌ر سرنا یانه‌ى ناستڤید-ى كرده‌ خاوه‌نى گۆڵى سێیه‌م و به‌مه‌ش پێنجه‌م بردنه‌وه‌ى خوله‌كه‌یان پێشكه‌شى یانه‌كه‌یان كرد.

ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن-ى هێرشبه‌ر كه‌ درێسى ژماره‌ 9ى یانه‌ى ناستڤید ده‌پۆشێت له‌یارییه‌كه‌دا 2 گۆڵى ترى بۆخۆى تۆماركرد و كۆى گۆڵه‌كانى له‌م وه‌رزه‌دا گه‌یانده‌ 3 گۆڵ له‌ 7 یارى و 612 خوله‌ك یاریكردن و یانه‌كه‌شى به‌شێوه‌ى كاتى له‌خانه‌ى دووه‌مى ریزبه‌ندى گروپه‌كه‌وه‌ بۆ پێشه‌نگى سه‌رخست به‌ 17 خاڵ له‌ 7 یارى (5 بردنه‌وه‌، 2 یه‌كسانبوون) و 21 گۆڵى كردووه‌ و ته‌نها 1 گۆڵی لێكراوه‌.

شایه‌نى باسه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن-ى هێرشبه‌رى لاوى كورد خه‌ڵكى شارى هه‌ولێره‌ و ته‌مه‌نى 23 ساڵه‌ و باڵاى 179 سانتیمه‌تره‌ و بۆ سێیه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ى ناستڤید یارى ده‌كات و له‌هه‌ردوو وه‌رزى 2018-2019 و 2019-2020دا له‌خولى پله‌ یه‌كى یانه‌كانى دانیمارك 58 یارى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى ئه‌نجامداوه‌ و 10 گۆڵى تۆماركردووه‌ و له‌خولى جامى یانه‌كانى دانیمارك-یش خاوه‌نى 6 یارى و 1 گۆڵه‌ و له‌وه‌رزى 2020-2021دا تائێستا خاوه‌نى 8 یارى و 5 گۆڵه‌، 7 یارى و 3 گۆڵ له‌خولى پله‌ دووى یانه‌كانى دانیمارك و 1 یارى و 2 گۆڵى تریش له‌خولى جامى یانه‌كانى دانیمارك.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close