هەواڵ

ئیمان سه‌لیمى به‌رگریكارى كورد به‌ره‌و یه‌كه‌م ئه‌زموونى یاریكردنى ده‌ره‌كى هه‌نگاوده‌نێت

سه‌نگه‌ر زرار- Kurd Sport

ئیمان سه‌لیمى به‌رگریكارى لاوى كورد به‌ره‌و یه‌كه‌م ئه‌زموونى یاریكردنى ده‌ره‌كى هه‌نگاوده‌نێ و له‌مباره‌یه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌لایه‌ن سێ یانه‌ى ئه‌وروپایی بۆندى پێشكه‌ش كراوه‌ و له‌ڕۆژانى ئاینده‌دا پرسى چوونى بۆ یه‌كێك له‌یانه‌كان یه‌كلاده‌كاته‌وه‌.

پاش دوو وه‌رز یارى كردن بۆ یانه‌ى تراكتۆرسازى ته‌برێز له‌خولى پیشگه‌رانى یانه‌كانى ئێران (پڕۆ لیگ)، ئیمان سه‌لیمى یاریزانى كوردى كرماشانى به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمی له‌یانه‌كه‌ جیابووه‌ و وه‌ك خۆى به‌میدیاكانى وه‌رزشى ئێرانى راگه‌یاندووه‌ له‌لایه‌ن سێ یانه‌ى ئه‌وروپایی بۆندى پێشكه‌ش كراوه‌ و له‌ پێنج رۆژى ئاینده‌دا پرسى چوون و په‌یوه‌ندى كردنى به‌یه‌كێك له‌یانه‌كان یه‌كلاده‌كاته‌وه‌.

ئیمان سه‌لیمى ته‌مه‌ن 24 ساڵ كه‌ بۆنده‌ى تا هاوینى ساڵى 2022 له‌گه‌ڵ یانه‌ى تراكتۆرسازى ته‌برێز هه‌بوو، پاش چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك و دانیشتن و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى یانه‌كه‌، جیابوونه‌وه‌ى خۆى راگه‌یاند كه‌وه‌رزى پێشوو 2019-2020 جامى خولى یانه‌كانى ئێرانى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا به‌ده‌ستهێنا.

ئیمان كه‌ له‌دوو وه‌رزى رابردوو 2018-2019 و 2019-2020 له‌گه‌ڵ یانه‌ى تراكتۆرسازى ته‌برێز له‌خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆ لیگ) و خولى جامى یانه‌كانى ئێران له‌ 52 یاریدا 2 گۆڵى تۆماركرد، ئه‌وه‌ى بۆ میدیاكانى وه‌رزشى ئێران ئاشكراكردووه‌ كه‌ به‌ر له‌ 2 تا 3 مانگه‌ بۆندى ده‌ره‌كى پێشكه‌ش كراوه‌ و له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌ دابووه‌ له‌یانه‌كه‌ جیاببێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى یانه‌ى تراكتۆرسازى ئاره‌زووى ئه‌وه‌یان كردووه‌ له‌لایان بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕیارى رۆیشتنى داوه‌.

شایه‌نى باسه‌ ئیمان سه‌لیمى له‌شارى كرماشان-ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌دایكبووه‌ و وه‌رزى 2013-2014 بۆ تیپى لاوانى یانه‌ى ئالومینیوم هورمزگان و وه‌رزى 2014-2015 بۆ تیپى یه‌كه‌مى یانه‌ى ئالومینیوم هورمزگان له‌خولى پله‌ یه‌كى یانه‌كانى ئێران و هه‌ردوو وه‌رزى 2015-2016 و 2016-2017 بۆ یانه‌ى فه‌جر سپاسى شیراز له‌خولى پله‌ یه‌كى یانه‌كانى ئێران و وه‌رزى 2017-2018 بۆ یانه‌ى پارس جنوبى جه‌م له‌خولى پیشه‌گه‌رانى یانه‌كانى ئێران و هه‌ردوو وه‌رزى 2018-2019 و 2019-2020 بۆ یانه‌ى تراكتۆرسازى ته‌برێز له‌خولى پیشه‌گه‌رانى یانه‌كانى ئێران یارى كردووه‌.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close