گه‌وره راهێنه‌رێكى عێراقى باس له‌پێویستى كوڕه رانیهیهكه ده‌كات بۆ هه‌ڵبژارده‌ى عێراق

سه‌نگه‌ر زرار-Kurd Sport
گه‌وره راهێنه‌ر و شیكهرهوهیهكى وه‌رزشى عێراقى نیشته‌جێى قه‌ته‌ر بۆ میدیاكانى وه‌رزشى عێراقى باس له‌پێویستى یاریزانه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك عێراقییه‌كانى تاراوگه ده‌كات بۆ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى عێراق له‌نێویاندا ژیلوان حه‌مه‌د-ى یاریزانى نێوده‌وڵه‌تى كوردى یانه‌ى گۆریكا-ى كرواتى بهیاریزانێكى نایاب ناوده‌بات.
مهجبل فه‌رتوس-ى یاریزانى نێوده‌وڵه‌تى پێشووى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى عێراق و راهێنه‌رى پیشه‌گه‌ر و به‌ئه‌زموون و وانه‌بێژى ئاسیایی و شیكه‌ره‌وه‌ى وه‌رزشى له‌كه‌ناڵه‌كانى بى ئێن سپۆرت و ده‌ورى و كاس-ى قه‌ته‌رى، له‌میانه‌ى لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانى وه‌رزشى عێراقی باس له‌وه ده‌كات كه یاریزانه عێراقییه‌كانى تاراوگه كۆڵەكەی هه‌ڵبژارده‌ى یه‌كه‌مى عێراقن و پێویسته له‌ئاینده‌دا پشتیان پێ ببه‌سترێت.

فه‌رتوس-ى ته‌مه‌ن 70 ساڵ له‌درێژه‌ى قسه‌كانیدا له‌سه‌ر یاریزانه‌كانى تاراوگه، له‌گرنگى و بایه‌خ و پێویستى (ژیلوان حه‌مه‌د)ى ناوه‌ڕاستكارى كوردى یانه‌ى گۆریكا-ى كرواتى بۆ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى عێراق ده‌دوێت و له‌باس و ستاییش كردنیدا ده‌ڵێت: ژیلوان حه‌مه‌د یاریزانێكى نایابه، پێویسته هه‌لى زیاترى یاریى كردنى پێبدرێت.
هه‌روه‌ها هه‌ر سه‌باره‌ت به ژیلوان حه‌مه‌د-ى یارى دروستكهرى كورد كه ته‌مه‌نى 29 ساڵه، ئاماژه‌ى به‌وه داوه كه پێویسته هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى عێراق خاوه‌نى زیاتر له‌یارى دروستكه‌رێك بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆى درێژهكێشانى یارییه‌كانى پاڵاوتنه هاوبه‌شه‌كه‌ى مۆندیالى 2022ى قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتى جامى ئاسیاى 2023ى چین.

شایه‌نى باسه ژیلوان محه‌مه‌د حه‌مه‌دئه‌مین ئهڵڵاوێردى رانیه‌یی ساڵى 2019 بۆ یه‌كه‌مجار بانگهێشتى ریزه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى یه‌كه‌مى عێراق كرا و رۆژى 10-10-2019 ته‌نها له (1) یارى پاڵاوتنه هاوبه‌شه‌كه‌ى مۆندیالى 2022ى قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتى جامى ئاسیاى 2023ى چین به‌شێوه‌ى یه‌ده‌گ (30) خولهك به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ى هۆنگ كۆنگ یارى كردووه و له‌یارى دواتر رۆژى 15-10-2019 به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى كه‌مبۆدیا یارى پێنه‌كرا و دواى ئه‌وه‌ش تائێستا بانگهێشتى ریزى هه‌ڵبژارده‌كه نه‌كراوه‌ته‌وه.