ئه‌یاز له‌گه‌ڵ یانه نوێیه‌كه‌یدا گۆڵێكى كوشنده‌ى تۆماركرد و بردنه‌وه‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
پاش جیابوونه‌وه و به‌جێهێشتنى یانه‌ى ئه‌ده‌نه ده‌میر سپۆر-ى توركى و په‌یوه‌ندى كردنى به‌یانه‌ى توزلا سپۆر له‌هه‌مان وڵات‌دا، ئه‌یاز عوسمان-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى كوردى ئه‌ڵمانیا یه‌كه‌م یارى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى ئه‌نجامدا و یه‌كه‌م گۆڵی خۆشى تۆماركرد و بردنه‌وه‌یه‌كى به‌نرخى به‌یانه نوێیهكهشى به‌خشى.
ئه‌یاز عوسمان كه رۆژى 5ى ئه‌م مانگه به‌پێى بۆندێك بۆ ماوه‌ى یه‌ك وه‌رز په‌یوه‌ندى به‌یانه‌ى توزلا سپۆر-ى میوانى نوێى خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى توركیا كرد، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 18-10-2020 یه‌كه‌م یارى فه‌رمیی له‌گه‌ڵ یانه نوێیه‌كه‌ى له‌خوله‌كه‌دا بەدرێسی ژمارە 14 ئه‌نجامدا و توانیشى له‌خوله‌كى 90 و كۆتایی یاری یانه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ى بۆلو سپۆر له‌ده‌ره‌وه‌ى یاریگاى خۆیان و له‌هه‌فته‌ى پێنجه‌مى خولى پله یه‌كدا گۆڵى دووه‌م و بردنه‌وه بۆ یانه‌كه‌ى تۆماربكات و سێیه‌م بردنه‌وه‌ى خوله‌كه‌ى پێشكه‌ش بكات.

ئه‌یاز-ى ته‌مه‌ن 25 ساڵ و یاریزانى پیشه‌گه‌ر و نێوده‌وڵه‌تى كورد كه‌خاوه‌نى ره‌گه‌زنامه‌ى سورى و ئه‌ڵمانییه، له‌تایمى دووه‌مدا به‌شێوه‌ى یه‌ده‌گ به‌شدارى له‌یارییه‌كه‌دا كرد و توانى له‌یه‌كه‌م یارى خۆیدا به‌تۆماركردنى گۆڵێكى كوشنده و یه‌كلاكه‌ره‌وه دڵى هانده‌رانى یانه‌كه‌ى خۆشبكات و ده‌ستپێكێكى باشیشى بۆخۆى له‌خوله‌كه‌دا هه‌بێت.
به‌م بردنه‌وه‌یه‌ش یانه‌كه‌ى ئه‌یاز عوسمان-ى ناوه‌ڕاستكار بووه خاوه‌نى 11 خاڵ له 5 یارى (3 بردنه‌وه و 2 یه‌كسانبوون) و 11 گۆڵى هه‌یه و 6 گۆڵى لێكراوه و له‌پله‌ى دووه‌مى ریزبه‌ندى خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى توركیا-ى وه‌رزى 2020-2021 جێگیر بوو.

شایه‌نى باسه ئه‌یاز عوسمان-ى یاریزانى لاوى كورد و خه‌ڵكى شارى قامیشلۆى رۆژئاواى كوردستانه و له‌ئه‌ڵمانیا داده‌نیشێت و وه‌رزى 2019-2020 له‌یه‌كه‌م ئه‌زموونى یارى كردنى ده‌ره‌كیدا له‌خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى توركیا بۆ یانه‌ى ئه‌ده‌نه ده‌میر یارى كرد.