به‌ڤیدیۆ: هێرشبه‌ره بهئهزموونهكهى كورد ده‌رگاى گۆڵكردن و سه‌ركه‌وتنى بۆ یانه‌كه‌ى كرده‌وه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
هێرشبه‌ره بهئهزموونهكهى كورد و پێشووى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى سویسرا له‌یارى ئه‌مڕۆى یانه‌كه‌یدا له‌سوپه‌ر لیگى یانه‌كانى ئۆزبه‌كستان، له‌كۆى سێ گۆڵدا توانى گۆڵێك بۆ یانه‌كه‌ى تۆماربكات و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى بردنه‌وه‌یه‌كى تر‌ى پێ ببه‌خشن.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 18-10-2020 لهئۆزبهكستان یارییه‌كانى هه‌فته‌ى 19ى خولى سوپه‌رى تۆپى پێى یانه‌كانى ئه‌م وڵاته (سوپه‌ر لیگ)ى ساڵى 2020 ئه‌نجامدران و تیایدا یانه‌ى پاختاكور-ى پێشه‌نگى ریزبه‌ندى خوله‌كه به‌به‌شدارى سه‌ره‌كى ئێرین دێردیوك-ى هێرشبه‌رى كورد و له‌سه‌ر یاریگاى خۆى (پاختاكور) له‌شارى تاشكه‌ند، میوانداریی له‌یانه‌ى كویزلكام كرد و سه‌ره‌نجامیش 3 گۆڵ و 3 خاڵى لهمیوانهكهى وه‌رگرت و بردنه‌وه‌ى ژماره 14ى له‌خوله‌كه‌دا به‌ده‌ستهێنا و پێشهنگیشى بهجیاوازییهكى زۆر و به‌دوو یارى دواخراویشهوه قایمتركرد.

یه‌كه‌م گۆڵى یانه‌ى پاختاكور له‌یارییه‌كه‌دا ئێرین-ى هێرشبه‌رى كورد و ژماره 77 له‌خوله‌كى 17دا تۆمارى كرد و نیوه‌ى یه‌كه‌مى یارییه‌كه 1-1 یهیهكسانبوون كۆتاییهات، له‌نیوه‌ى دووه‌میشدا ئێرین تاخولهكى 68 یارى كرد و دواتر گۆڕانكارى پێكرا و هه‌ریه‌كه له فاروخ ساییفیڤ و ئهبرۆر ئیسماعیلۆڤ گۆڵه‌كانى دووه‌م و سێیه‌مى یانه‌ى پاختاكور-یان له‌خوله‌كه‌كانى 73 و 76دا تۆماركرد و 3 گۆڵ و 3 خاڵیان لهمیوانهكهیان وه‌رگرت.

به‌م بردنه‌وه‌یه‌ش یانه‌ى پاختاكور هه‌ر له‌پێشه‌نگى سوپه‌ر لیگى یانه‌كانى ئۆزبهكستاندا مایه‌وه به 44 خاڵ له 17 یارى (14 بردنه‌وه و 2 یه‌كسان و 1 دۆڕاندن) و 51 گۆڵى كردووه و 10 گۆڵى لێكراوه و 41 گۆڵى زیاده‌ى هه‌یه له‌گه‌ڵ 2 یارى دواخراویش كه به‌هۆى به‌شدارى كردنى له‌چامپیۆنس لیگى ئاسیا ئه‌نجامى نه‌داون.

شایه‌نى باسه ئێرین دێردیوك-ى هێرشبه‌ر كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردى عه‌له‌وییه و خه‌ڵكى شارى دێرسیم-ى باكوورى كوردستانه و ساڵى 1988 له‌شارى بازل-ى وڵاتى سویسرا له‌دایكبووه، تائێستا له‌هه‌ر 17 یارى یانه‌كه‌ى له‌سوپه‌ر لیگى ساڵى 2020ى یانه‌كانى ئۆزبه‌كستان به‌شداربووه و له 855 خولهك یاریكردندا توانیویه‌تى 8 گۆڵ تۆمار و 1 گۆڵیش سازبكات و له‌چامپیۆنس لیگى ئاسیا-شدا خاوه‌نى 7 یارى و 2 گۆڵه له 275 خولهك یارى كردن.
*بۆ بینینی گۆڵەكان كلیك لێرە بكە: