یانه‌كه‌ى پێشووترى ده‌رگاى بۆ كاپتن كیانى كردۆته‌وه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
به‌هۆى ناكۆكى له‌سه‌ر بڕى گرێبه‌سته‌كه‌ى، كاپتنه كورده‌كه له‌یانه‌ى سیپاهان ئه‌سفه‌هان-ه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه یانه‌كه‌ى پێشووترى (تراكتۆرسازى ته‌برێز).
مه‌هدى كیانى ناوه‌ڕاستكارى به‌ئه‌زموونى كورد و كاپتنى یانه‌ى سیپاهان ئه‌سفه‌هانى ئێرانى پاش دوو وه‌رز و نیو یارى كردن له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا، به‌هۆى ناكۆكى له‌گه‌ڵ یانه‌ى سیپاهان له‌سه‌ر بڕى گرێبه‌سته‌كه‌ى كه داواى زیادكردنى كردووه و یانه‌كه‌ش نه‌چۆته ژێربارى داخوازییه‌كانى، نیازى جیابوونه‌وه‌ى هه‌یه و ئه‌مه‌شى به‌ئاشكرا به‌به‌رپرسانى یانه‌كه راگه‌یاندووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یاریزانى ناوبراو خواستى جیابوونه‌وه و به‌جێهێشتنى یانه‌كه‌ى هه‌یه، به‌ڵام به‌رپرسانى یانه‌ى سیپاهان ئه‌سفه‌هان-ى زه‌ردپۆش رهزامهندنین له‌سه‌ر رۆیشتنى.

به‌پێى هه‌واڵى میدیاكانى وه‌رزشى ئێرانى، مه‌هدى كیانى ته‌مه‌ن 33 ساڵ له‌سه‌ر بڕى گرێبه‌سته‌كه‌ى و شایسته داراییه‌كانى ناكۆكى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا هه‌یه و ئه‌گه‌ر بێت و نه‌چنه ژێربارى خواسته‌كانى، ئه‌وا یانه‌كه به‌جێده‌هێڵێت و رووده‌كاته یانه‌یه‌كى تر‌ى پڕۆ لیگى یانه‌كانى ئێران و سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵیش باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م یاریزانه به‌ئه‌زموونه ده‌گه‌ڕێته‌وه یانه‌كه‌ى پێشووترى (تراكتۆرسازى ته‌برێز) و له‌لایه‌ن مه‌نسوریان-ى راهێنه‌رى یانه‌كه‌ش گوێى لێگیراوه و ئه‌گه‌ر هات و یانه‌ى سیپاهان مافی ده‌ستبه‌رداربوونى پێبدات، ئه‌وا ئه‌وان كاره‌كانى گواستنه‌وه‌ى بۆ ریزى یانه‌كه‌یان بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه مه‌هدى كیانى گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ یانه‌ى سیپاهان ئه‌سفه‌هان-دا بۆ وه‌رزێكى تر تا هاوینى ساڵى 2021 ماوه.

شایه‌نى باسه مه‌هدى كیانى ناوه‌ڕاستكارى به‌ئه‌زموونى كوردى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌وه‌رزه‌كانى 2015-2016 و 2016-2017 و 2017-2018ى خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران و جامى یانه‌كانى ئێران و خولى جامى یانه پاڵه‌وانه‌كانى ئاسیادا 85 یارى له‌گه‌ڵ یانه‌ى تراكتۆرسازى ته‌برێز ئه‌نجامداوه و 4 گۆڵیشى بۆ تۆماركردوون (64 یارى و 4 گۆڵ له‌خولى پیشه‌گه‌ران، 8 یارى له‌جامى ئێران، 13 یارى له‌جامى یانه پاڵه‌وانه‌كانى ئاسیا).