هەواڵ

جیمس بۆند پێشتر یاریزانی تۆپی پێ بوە

كاتێك مان یونایتد نزیك بوو لەوەی هۆلیود لە جیمس بۆند بێ بەش بكات
سێر شۆن كۆنری یەكێكە لە بەناوبانگترین ئەكتەرانی هۆلیود كە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا لە تەمەنی 90 ساڵی كۆچی دوایی، بەڵام رەنگە كەم كەس بزانێت ئەو ئەكتەرە كە بەهۆی رۆڵ بینینی كەسایەتی جیمس بۆند ناوبانگی زۆری پەیدا كرد یاریزانی تۆپی پێ بووەو نزیك بووە لە پەیوەندی كردن بە یانەی مانچستەر یونایتد.
كۆنری سەرەتا ساڵی 1951 لە ئەدنبرەی سكۆتلەندا لە یەكێك لە شانۆكانی ئەو وڵاتە دەستی بەكاری ئەكتەری كردوەو هەر لەسەرەتاش ئاماژەی بوونی بە یەكێك لە ئەكتەرە مەزنەكان هەبووە، بەڵام ئەو دوو دڵ بووە لەنێو خۆشەویستی بۆ هونەر و وەرزش.
كۆنری لە تەمەنی منداڵی یاری بۆ یانەی بۆنی ریگ رۆزی سكۆتلەندی كردوەو دواتر چووەتە ریزی ئیست فیڤ لە خولی پلە دوو، لەگەڵ ئەو یانەیە هەلی ئەوەی پێبەخشیوە لەگەڵیاندا بچێتە ئینگلتەرا یاری بكات.
لە یەكێك لە جەولەكانی تیپەكە لە ئینگلتەرا بەرامبەر بە یانەیەك یاری كردوەو بە رێككەوتیش لەو یارییە مات بسبی ئەفسانەی مان یونایتد و راهێنەری مێژوویی یانەكە ئامادە بووە، لەو یارییەش بەهۆی بەهێزی توانای جەستەیی سەرنجی هەمووانی راكێشاوەو دوای یارییەكەش مات بسبی راهێنەری شەیتانە سوورەكان بۆندی رەسمی پێشكەش كردوە.
بۆندەكە زۆر گونجاو بووە بۆ ئەو سەردەمەو ئامادەبوون هەفتانە 25 پاوەندی وەكو مووچە پێبدەن، دوای ساڵانێكی زۆریش كۆنری لە دیدارێك ئاماژەی بەوە داوە بەجدی بیری لە رازی بوون بە بۆندەكەی كردۆتەوەو سەرەتاش رازی بووە، بەڵام دواتر رای گۆڕیوە.
سەبارەت بەمە كۆنری دەڵێت: بۆندەكە زۆر باش بوو، بەڵام دواتر بیرم كردەوە یاریزانی پیشگەری تۆپی پێ ئەگەر ئاستی زۆر بەرزیش بێت تا 30 ساڵی یاری دەكات و منیش تەمەنم 23 ساڵ بوو بۆیە تەنها 7 ساڵم لە پێشبوو، بۆیە بڕیارمدا ببم بە ئەكتەر، ئەو بڕیارەش باشترین و ئاقڵانەترین بڕیاربوو كە داومە لە ژیانمدا.
پەیوەندی كۆنری و تۆپی پێ و وەرزش بە گشتی تا كۆچی دواییشی بەردەوام بوو كە چەندین جار لە یارییەكانی تۆپی پێ و تینسی سەرزەوی لە یاریگادا بینراوە لەنێویاندا هاتنی بۆ یاریگای كامپ نوی بارسێلۆنا كە ئەو كات لەلایەن یانە كەتەلۆنیەكە رێزی لێنرا هاتە نێو یاریگاو وێنەی یادگاری لەگەڵ رۆناڵدینهۆ و یاریزانانی تر گرت و تا كۆچی دواییشی كرد هەرگیز عەشقی خۆی بۆ یانەی گلاسكۆ رینجەرز نەشاردەوە.
كۆنری یەكەم ئەكتەرە كە رۆڵی جیمس بۆندی بینیوەو ناوبانگی زۆری پێ بەخشیوەو ئەگەر لە رابردووش بۆندی مان یونایتدی قبوڵ بكردایە ئەوا هۆلیود بێ بەش دەبێت لە یەكێك لە بەناوبانگترین ئەكتەرەكانی.

سەنگەر خۆشەوی


په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close