هەواڵ

به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كى ترى پڕۆ لیگ درێژه‌ به‌ژیانى پیشه‌گه‌ریی ده‌دات

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

پاش جیابوونه‌وه‌ى له‌یانه‌ى ئیستقلال تاران، میلاد زه‌كی پوور-ى به‌رگریكارى به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورد به‌فه‌رمیی له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كى ترى خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆلیگ) گه‌یشته‌ رێككه‌وتن.

میلاد زه‌كی پوور-ى به‌رگریكارى باڵى چه‌پى یانه‌ى ئیستقلال كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌به‌ر به‌هۆى ناكۆكى و نه‌گونجانى له‌گه‌ڵ مه‌حمود فكرى راهێنه‌ر له‌یانه‌ى ئیسقلال دوورخرایه‌وه‌ و پاشان به‌ر له‌واده‌ى كۆتایی هاتنى ماوه‌ى بۆنده‌كه‌ى كه‌ تا كۆتایی مانگى حوزه‌یرانى ساڵى 2021 بوو گرێبه‌سته‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و رێگه‌ى رۆیشتنى پێدرا بۆ یانه‌یه‌كى تر، دواجار له‌گه‌ڵ یانه‌ى گوڵ گه‌وهه‌ر-ى سیرجان گه‌یشته‌ رێككه‌وتن كه‌ به‌پێى گرێبه‌ستێكى نوێ بۆ وه‌رزى 2020-2021 له‌خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆلیگ) یارى بۆ یانه‌كه‌ بكات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ یانه‌ى گوڵ گه‌وهه‌ر-ى سیرجان-ى ئێرانى به‌فه‌رمیی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ یانه‌كه‌یان بۆ ماوه‌ى یه‌ك وه‌رز 2020-2021 گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ زه‌كى پوور-ى ته‌مه‌ن 25 ساڵ كردووه‌ و ئه‌م یاریزانه‌ش له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى ئه‌میر قه‌لعه‌نویی راهێنه‌ر له‌یانه‌كه‌یاندا یارى ده‌كات.

شایه‌نى باسه‌ میلاد زه‌كى پوور-ى به‌رگریكارى لاوى كورد كه‌ باڵاى 184 سانتیمه‌تره‌، له‌ژیانى یاریكردنیدا له‌سه‌ر ئاستى تیمه‌كانى لاوان بۆ تیمى یانه‌كانى (شه‌موشه‌ك نۆشه‌هر، پارسه‌ تاران، مقاوه‌مه‌ت تاران، نه‌فت تاران) و له‌سه‌ر ئاستى تیمه‌كانى پێشكه‌وتووان و پیشه‌گه‌رانیش بۆ تیمى یانه‌كانى (نه‌فت تاران و ئیستقلال تاران) یارى كردووه‌.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close