هەواڵ

دوو كورده‌كه‌ى كریستاڵ پاڵاس و برۆندبى گه‌یشتنه‌ قه‌ته‌ر و یه‌كێكیان هه‌ڵگرى ڤایرۆسى كۆرۆنایه‌

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

ئه‌و دوو یاریزانه‌ كورده‌ى بانگهێشتى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى لاوانى عێراق كرابوون گه‌یشتنه‌ وڵاتى قه‌ته‌ر و یه‌كێكیان گومانى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێ دووچارى ڤایرۆسى كۆرۆنا بووبێت.

پاش ئه‌وه‌ى به‌نووسراوى فه‌رمى ده‌سته‌ى كاتى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى تۆپى پێى عێراق داوه‌تى ریزى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق كران و داوا له‌یانه‌كانیان كرا رێگه‌یان پێ بده‌ن په‌یوه‌ندى به‌كه‌مپى ده‌ره‌كى هه‌ڵبژارده‌كه‌وه‌ بكه‌ن له‌وڵاتى قه‌ته‌ر، ئه‌مڕۆ 8ى تشرینى دووه‌مى 2020 هه‌ریه‌كه‌ له‌ كاردۆ سدیق و مه‌تین ساڵح یاریزانانى كوردى یانه‌كانى كریستاڵ پالاس-ى ئینگلیزى و برۆندبى دانیماركى گه‌یشته‌ قه‌ته‌ر.

گفتوگۆی نێوان كاردۆ سدیقی بەرگریكار لەگەڵ قەحتان جەسیر-ی راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق

به‌پێى زانیارى میدیاكانى وه‌رزشى عێراقی، پاش ئه‌نجامدانى پشكنینى كۆرۆنا بۆ ئه‌وان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ مه‌تین ساڵح و یاریزانێكى ترى هه‌ڵبژارده‌كه‌ هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه‌ن، به‌ڵام داواى دووباره‌ پشكنین كراوه‌ته‌وه‌ بۆیان، چونكه‌ رۆژى پێشووتر یارییان له‌گه‌ڵ یانه‌كانیان هه‌بووه‌ و هیچ كێشه‌یان نه‌بووه‌.

كاردۆ سدیق-یانەی كریستاڵ پاڵاسی ئینگلیزی

به‌ر له‌ده‌ستپێكردنى كۆتاییه‌كانى پاڵه‌وانێتى لاوانى وڵاتانى ئاسیا، بۆ ئه‌م كه‌مپه‌ ده‌ره‌كییه‌ و دوو یارى ئاماده‌كاریی هه‌ڵبژارده‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى قه‌ته‌ر له‌ڕۆژانى 12 و 15-11-2020، قه‌حتان جه‌سیر-ى راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق 23 یاریزانى داوه‌تى ریزى هه‌ڵبژارده‌كه‌ى كردووه‌ له‌نێوانیاندا هه‌ردوو یاریزانى لاوى كورد (كاردۆ كامه‌ران سدیق) به‌رگریكارى تیپى لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 18 ساڵى یانه‌ى كریستاڵ پاڵاس-ى ئینگلیزى و (مه‌تین دیار ساڵح)ى ناوه‌ڕاستكارى تیپى لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵى یانه‌ى برۆندبى دانیماركى.

مەتین ساڵح-یانەی برۆندبی دانیماركی

شایه‌نى باسه‌ كاردۆ كامه‌ران سدیق كه‌ به‌ (كاردۆ سدیق) ناسراوه‌، رۆژى 21-9-2002 له‌شارى له‌نده‌ن-ى به‌ریتانیا له‌دایكبووه‌ و بۆ تیپى لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 18 ساڵى یانه‌ى كریستاڵ پاڵاس-ى ئینگلیزى یارى ده‌كات و عه‌بدولمه‌تین دیار ساڵح كه‌ به‌(مه‌تین ساڵح) ده‌ناسرێ رۆژى 22-3-2002 له‌شارى ئیشۆى دانیمارك له‌دایكبووه‌ و باوكى خه‌ڵكى ئاكرێ و دایكى خه‌ڵكى رانیه‌یه‌ و بۆ تیپى لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵى یانه‌ى برۆندبى دانیماركى یارى ده‌كات.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close