ئۆكه‌ى به‌دوو ناوه‌ڕاستكاره كورده‌كه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى سوریا درا

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
سه‌ره‌ڕاى ده‌نگۆى رێگه‌نه‌دانیان له‌لایه‌ن یانه‌كانیانه‌وه، دوو ناوه‌ڕاستكاره پیشهگهرهكهى كورد و خوله‌كانى قه‌ته‌ر و توركیا په‌یوه‌ندییان به‌هه‌ڵبژارده‌ى یه‌كه‌مى سوریا-وه كرد.
رۆژێك پاش یاریزانه‌كانى تر هه‌ردوو یاریزانى لاوى كورد ئه‌یاز عوسمان-ى ناوه‌ڕاستكارى یانه‌ى توزلا سپۆر-ى توركى و محه‌مه‌د عوسمان ناوه‌ڕاستكارى یانه‌ى خریتیات-ى قه‌ته‌رى گه‌یشتنه ئیمارات و په‌یوه‌ندییان به‌ئه‌ندامانى هه‌ڵبژارده‌كه‌وه كرد، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى قسه و ده‌نگۆى ئه‌وه له‌میدیاكانى وه‌رزشى سوریا بڵاوبووه‌وه كه یانه‌كانیان رێگه‌ى ئه‌وه‌یان پێنادات رووبكه‌نه وڵاتى ئیمارات و په‌یوه‌ندى بهههڵبژاردهكهوه بكه‌ن.

به‌پێى زانیارى میدیاكانیش سه‌ره‌ڕاى رێگرى یانه‌كانیان، به‌ڵام نه‌بیل مه‌علول-ى تونسى و راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى سوریا خۆى له‌گه‌ڵ یانه‌كانیان له‌سه‌ر هێڵ بووه تا رێگه‌یان پێ بده‌ن و پاشان هه‌ردوو یانه توركى و قه‌ته‌رییه‌كه ئۆكه‌یان داوه كه یاریزانه‌كانیان بچنه ئیمارات و ئه‌مڕۆ 8-11-2020 هه‌ردوو یاریزانى ناوبراو په‌یوه‌ندییان بهههڵبژاردهكهوه كرد.

هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى سوریا به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌كاریی بۆ پاڵاوتنه هاوبه‌شه‌كه‌ى مۆندیالى 2022ى قه‌ته‌ر و جامى ئاسیا-ى 2023ى چین، كه‌مپێك له‌وڵاتى ئیمارات رێكده‌خات و له‌میانه‌ى كهمپهكهشدا دوو یارى دۆستانه‌ى ئاماده‌كاریی به‌رامبه‌ر بهههڵبژاردهكانى ئۆزبه‌كستان و ئوردن له‌ڕۆژانى 11 و 16-11-2020 ئه‌نجامده‌دات.

شایه‌نى باسه محه‌مه‌د عوسمان-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى كورد ته‌مه‌نى 26 ساڵه و له‌خولى ئه‌ستێره‌كانى یانه‌كانى قه‌ته‌ر بۆ یانه‌ى خریتیات یارى ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى سوریا خاوه‌نى 8 یارى نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌یاز عوسمان-ى ناوه‌ڕاستكاری لاوى كورد-یش ته‌مه‌نى 26 ساڵه و له‌خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى توركیا بۆ یانه‌ى توزلا سپۆر یارى ده‌كات و خاوه‌نى 5 یارى نێوده‌وڵه‌تییه.
